پارتی خوازیار بوو تا سه‌ری ساڵ مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كلایی ببوایه‌وه‌و ئێستاش ئومێد ده‌خوازین پێش سه‌ری ساڵ په‌رله‌مان كۆبێته‌وه‌

پارتی خوازیار بوو تا سه‌ری ساڵ مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كلایی ببوایه‌وه‌و ئێستاش ئومێد ده‌خوازین پێش سه‌ری ساڵ په‌رله‌مان كۆبێته‌وه‌

له دیمانه‌ی تایبه‌تی گوڵاندا مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: پرۆسه‌ی دانوستاندنه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین پرسه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ زۆرترین ژماره‌ی كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێناوه‌و ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ راده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م پێكبهێنێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی خۆیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی وه‌ك كاندید ده‌ستنیشانكرد، ئه‌وا هه‌مان كات لیژنه‌یه‌كیش به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی بۆ دانوستاندن پێكهاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن وتووێژ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیيه‌كی سیاسی دروست بێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ هەرێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی گرنگی نیشتمانی ده‌بێته‌وه‌، پێویستی به‌ یه‌كڕیزی نیشتمانی و حكومه‌تێكی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م بتوانێت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆيی هەرێم وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته‌كانی خەڵكی كوردستان بێت، هه‌میش له‌سه‌ر ئاستی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هەرێم و به‌غدا كه‌ ئێستا ته‌نگژه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی به‌ یه‌كڕیزی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌.
هەروەها مەحمود محمد باسی لە چوار ساڵی داهاتووی كرد و گوتی: ئەو خوێندنەوە نوێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بارودۆخی ئێستای كوردستان و كۆمەڵگەی كوردستانی هەیەتی، ئەوەمان پێ دەڵێت كە پێكەوەبوون و یەكڕیزی نیشتمانی و یەكترقبوڵكردن لەم وڵاتەدا زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین حكومەتێكی وا دروست بكەین، بۆ چوار ساڵی داهاتوو زیاتر هێمنی باڵ به‌سه‌ر كوردستاندا بكێشێت، بۆ ئەوەی بوارێكی زۆر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت، تا ئەو پرۆژەو بەرنامانەی هەیەتی جێبەجێی بكات، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئەو پڕۆژە ستراتیژی و گرنگانەی لە بوارە جیاجیاكاندا هەن؛ جێبەجێیان بكات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌بێت به‌م ئاڕاسته‌یه‌ پێكه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرین، ئه‌وا پێویست بەوە دەكات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ین كه ‌كورسی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ست هێناوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌شی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینیه‌كی ئەو‌تۆ بڕه‌خسێت له‌به‌ر رۆشنایی تێكڕای بیربۆچوونه‌كان نه‌خشه‌یه‌كی رێگه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م دابڕێژین.
شايانی باسە محمود باسی اتفاقی ئیستراتیجی كرد و گوتی: لە ڕاستیدا ڕێكەوتنی ستراتیژی لە هەلومەرجێكدا دروست بووە كە بۆ كوردستان زۆر پێویست بووە، ئه‌وكاتانەدا‌ پێویست بوو كە ئێمەو یه‌كێتی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسی و پەرلەمانی و حكومەتداری ڕێك بكەوین بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە ئەو قۆناغە دەربازبكەین، لە ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەشدا ئەمە هاتووەو لە بەندێك لە بەندەكانیدا نووسراوەتەوە تاوەكو دەگەینە قۆناغێكی پێشكەوتووتر لەمەی ئێستا كە لە ئارادایە، ڕێكەوتنی ستراتیژی توانی متمانە لە نێوان هه‌ردوولا پارتی و یه‌كێتی دروست بكات تا پێكەوە بتوانن كابینەی حكومەت پێكبهێنن و پێكەوە كاربكەن، ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نه‌بوو له‌دوای دابڕان و دووئیداره‌یی، بۆیە ڕێكەوتنی ستراتیژیی كاریگەرییەكی زۆر ئیجابی هەبوو لە دروست كردنی ڕەوتێكی تەندروست بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، لەوانەیە بێ كەموكوڕی نەبووبێت، بەڵام بە لای كەمەوە ڕەوتێكی دروست و تەندروست بوو، ئێستاش ئەم ڕێكەوتنە وەك خۆی ماوەتەوە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەت لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (958)دا.
Top