نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ كاكە حەمە لەسەر ناونانی حكومەت رێككەوتووین

 نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ كاكە حەمە لەسەر ناونانی حكومەت رێككەوتووین
نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حاجی مەحموود لەسەر ناونانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون و ئەوەشی یەكلایی بووەتەوە حكومەتەكە ناوی \"حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانیی\"" دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لەدووەم وێستگەی سەردانەكانی ئەمڕۆیدا بۆ لای لایەنە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردن بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەت، سەردانی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانی كرد.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنو‌وسیدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، جەختیانكردەوە كە كۆبو‌ونەوەكەیان ئیجابی بووەو سۆسیالیست پاڵپشتی خۆی بۆ كابینەی نوێ دەربڕی.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان لەسەر ناونانی كابینەی نوێ رێككەوتوون و گوتی \""لەگەڵ كاكە حەمە رێككەوتووین كابینەی نوێ ناوی حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانیی بێت\"". بەشداریكردنی سۆسیالیستیشی لەكابینەكانی رابردووی حكومەت بە ئیجابی وەسفكرد.

محەممەدی حاجی مەحموود لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پاڵپشتیی حیزبەكەی بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەربڕی‌و گوتی \""هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوت و غازی خۆی بفرۆشێت، ئەوەشی تاوەكو ئێستا كراوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بووە\"".

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەردانی حیزبی زەحمەتكیشانی كوردستانی كردو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی سەردانەكە‌و پرسی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و رای زەحمەتكێشان لەو بارەیەوە، بەڵێن عەبدوڵڵا پشتگیریی حیزبەكەی بۆ كابینەی نوێ راگەیاند \""ئەگەر بێت و ببێتە حكومەتی خەڵك\"". نێچیرڤان بارزانیش گوتی \""گوێبیستی پاڵپشتی تەوای زەحمەتكێشان بووین لە حكومەت\"".





رووداو "
Top