سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی مەراسیمی یادی ڕۆژی نیشتیمانیی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی دەكات
لەو مەراسیمەدا كە ژمارەیەكی زۆری دیپلۆمات و میوانی بیانی و باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتان و هەروەها ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و حزبیی هەرێمی كوردستان بەشدار بوون سەرەتا ڕاشد محەمەد ئەلمەنسووری كونسوڵی گشتیی ئیمارات پەیڤێكی پێشكەش كرد و بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و كورتەیەكی لەمەڕ گەشەسەندنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی باسكرد. هەر لەو مەراسیمەدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەناوی سەرۆك بارزانی و حكوومەت و گەلی كوردستان لە وتارێكدا پیرۆزبایی ئەو یادەی لە حكوومەت و گەلی ئیمارات كرد و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
