بیرمەندی گەورە پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی لە دیمانەیەكدا بۆ گۆڤاری گوڵان :ئومێدێكی گەورەم بە نێچیرڤان بارزانی یە چونكە دوای ئەوەی گوێت لێدەگرێت راوێژت پێدەكات چۆن بكرێتە كردار

بیرمەندی گەورە پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی  لە دیمانەیەكدا بۆ گۆڤاری گوڵان :ئومێدێكی گەورەم بە نێچیرڤان بارزانی یە چونكە دوای ئەوەی گوێت لێدەگرێت راوێژت پێدەكات چۆن بكرێتە كردار
پرۆفیسۆر باسی چارەسەر و ئومێد و كێشەی ژن دەكات و دەڵێ: من ئومێدی گەورەم بە كاك نێچیرڤان بارزانی هەیە لەسەر پرسی بەشداری ژن و، مەسەلەكە ئەوەیە ئەم پرسە بە تەنیا بەكاك نێچیرڤان بارزانی ناكرێت، پێویستە وردە وردە هەنگاوی بۆ هەڵبگرین، من دەزانم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی زۆر مەبەستێتی بەشداری ئافرەت زیاد بكات و تەنانەت رێژەی بەشداری ئافرەت لە پیاویش زیاتر بێت، ئەوجا تا چەند هاوكاری دەكرێت، ئەوەیان مەسەلەیەكی دیكەیە، لەبەر ئەوەی كە من گەیشتمە ئێرە بۆ مەسەلەی یاسای باری كەسێتی لیژنەیەكی دانا لە پێنج پیاو و پێنج ژن، هەشت مانگ لەگەڵ ئێمە نانی دەخوارد بۆ ئەوەی بزانێت ئەم یاسایە چۆن هەموار دەكرێتەوەو ئێمە چی دەكەین بۆ ئافرەت، ئەمە مانای ئەوەیە نیەتی هەیەو مەبەستێتی ئیش بۆ ژن و ئافرەتان بكات، هەروەها ئێستا هەندێك هەڵە هەیە دەمەوێت بۆ گوڵانی بنووسم بۆ ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی لە گوڵاندا بیخوێنێتەوە، هەر بۆ نموونە دیاردەی فرەژنی لەكوردستان قەدەغەكراوە، ئێستا هەندێك هەن دەچن لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم مارەی دەكەن، ئێمە ساڵێك زیندانی و سزای 10 ملیۆن دینارمان داناوە، بۆ هەر كەسێك ژنی دووەم بێنێتەوە، بەڵام چووە لە شوێنێكی تر ژنی دووەم و سێیەمی مارەكردووەو وا لێرەش دانیشتووەو كەس نییە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات. هەروەها شتێكی دیكەشم نووسیوە بەوەی نابێت ژن لەدەرەوەی دادگا تەڵاق بدرێت، لەبەر ئەوەی ئەو پیاوەی ژن تەڵاق دەدات، نازانێ چۆن تەڵاقی دەدات، لە دادگا تۆژەری كۆمەڵایەتی هەیە، دەبێـت ئەو تۆژەرە كۆمەڵایەتیانە ئەو ژن و پیاوە بانگ بكەن، پرسیار لە پیاوەكە بكەن، بۆ ئەم ژنە تەڵاق دەدەیت، لەم حاڵەتەدا هەوڵدەدرێت پەشیمانی بكەنەوە، بۆ ئەوەی دیاردەی تەڵاق كەم بێتەوە.

هەروەها دكتۆر موستەفا باسی ژیان و هاوسەرگیری دەكات و دەڵێ : بەرنامەمان بۆ ژیان هەڵەیە، تەنانەت شێوازی هاوسەرگیریشمان هەڵەیە، هەربۆ نموونە كاتێك كوڕ و كچێك دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن و ببنە هاوسەری یەكتری، زۆر گرنگە باش یەكتری بناسن و خێزانی یەكتریش بناسن، ئەگەر لەبەر هەر هۆیەك ئەو بوارە نەڕەخسا كە كوڕ و كچەكە باش یەكتری بناسن و بە رەفتاری یەكتری ئاشنا بن، ئەوا دەبێت كەسێكی ئەمین هەبێت پرسیاری لێبكرێت، بۆ ئەوەی بەراستی رەفتاری هەر لایەك بەوی دیكە بڵێت، من لە كتێبێكمدا كە ناونیشانی (پێشەكیەكانی هاوسەرگیری)یە كە كتێبێكی میتۆدییەو لە قۆناخی سێیەمی كۆلێژی شەریعە دەخوێنرێت هەموو ئەو پێشەكیانەی هاوسەرگیریم شیكردۆتەوە، لەوێدا ئاماژەم بەوەكردووە كە نابێت هاوسەرگیری لەسەر بنەمای جوانی و ناشرینی بێت، نابێت لەسەر بنەمای دەوڵەمەندی و هەژاری بێـت .
لەلایەكی ترەوە زەڵمی باسي ئيسلامى سياسى دەكات و دەڵێ: من بە هەڵە دەزانم كە دەڵێن ئەوە ئیسلامی سیاسییە یان ئەوە عەلمانی سیاسییە، لەبەر ئەوەی بە قەناعەتی من پێناسەی سیاسەت بریتییە لەوەی (كۆمەڵگە چی پێویستە تۆ دوای بكەویت) لەبەر ئەوەی لە زانستی لۆژیكدا، پێشەكییەكان هەیە، هەروەها ئاكام و دەرەنجامیش هەیە، لەبەر ئەوە پێویستە بەراییەكان رێك بخرێن ئینجا ئاكامەكەمان بۆ دیاری دەكرێت، ئەوجا ئەو لایەنەشی ئەولەویاتی كۆمەڵگەی پێ رێكدەخرێت زانست و پێشخستنی زانستە، ئەو وڵاتانەی پێیان دەڵێن پێشكەوتوو ئێستا دەچنە سەر مەریخ، هەر زانست پێشی خستوون، بۆیە بایەخدان بە زانست پێویستە بناخەی ژێرخانی هەموو هەوڵەكانمان بێت، بۆیە لێرەدا من وەسێتم بۆ ژنانی خۆمان ئەوەیە هەموو شت بخوێننەوە بە چاك و بە خراپ، بێجگە لە فەرموودەكانی خوا و سوننەتەكانی پێغەمبەر(د.خ)، هەرچییەك دەخوێننەوە گومانی لەسەر بكەن و پرسیاری لەسەر دروست بكەن و دەقاو دەق وەری مەگرن، پاشان پێویستە ژنان خۆیان شیبكەنەوە، بڕیار لەسەر باشی و خراپی بابەتەكە بدەن، ئەمەش قسەی غەزالی فەیلەسووفە دەڵێت:(من لم یشك لم ینظر، ومن لم ینظر لم یبصر، و من لم یبصر یبقی في العمی و الظلال)..

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە درێژایی لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(955) بخوێنەوە.
Top