نێچیرڤان بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى توركیا كۆ بوونه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى توركیا كۆ بوونه‌وه‌
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ى دیسه‌مبه‌رى 2013، دواى كردنه‌وه‌ و كۆتاییهاتنى دانیشتنى یه‌كه‌مى كۆنفرانسى ساڵانه‌ى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان ـ عیراق له‌ هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ته‌نه‌ر یلدز وه‌زیرى وزه‌ى توركیا كرد.

له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ توركیا به‌ تایبه‌تیش په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ بوارى وزه‌ و هه‌ردوو كه‌رته‌كانى نه‌وت و گازدا خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ڵنانى هه‌ر هه‌نگاوى كرده‌نى له‌و بواره‌دا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و مافه‌ یاساییانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ده‌ستوورى هه‌میشه‌ییى عیراقدا هاتوون؛ كرده‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى وزه‌ى توركیا هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ سه‌ر پرۆژه‌ى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گه‌یاندنى به‌ بازاڕه‌كانى جیهان له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌ خاكى توركیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت و هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى فیدرالى عیراق و گفتوگۆكانى وه‌زیرى وزه‌ى توركیا له‌ به‌غدا ده‌رباره‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ‌له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عیراقى؛ تاوتوێ كران.

له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و مافانه‌ى له‌ ده‌ستوورى عیراقدا بۆ هه‌رێمى كوردستان هاتوون، له‌پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى عیراق؛ نه‌وت و گازى خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ بازاڕه‌كانى جیهان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌رگاكانى گفتوگۆ ولێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقییه‌ په‌یوه‌نداره‌كان كراوه‌ن.‌
Top