بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما لە پشدەر كاری كۆمپانیاكانی مین رادەوەستێت
جێگری دەزگای گشتی كاروباری مینی هەرێم ، عەلی حەمە بەگ، لە لێدوانێكدا بە پەیامنێری راگەیاند: سنوری پشدەر ناوچەیەكی ساردەو بەتایبەت لە وەرزی زستان كە رێژەیەكی زۆرتر بەفرو بارانی لێدەبارێت، کە ئەوە دەبێتە رێگر لە كاری تیمەكانی پاككردنەوەی مین و تەقەمەنی، بۆیە كارەكانمان ئێستا وەستاندوە.
عەلی حەمە بەگ، گوتی: لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی بەهار و بەپێی بەرنامەیەك دەست دەكەینەوە بەكاری پاككردنەوەی سنورەكە كە لەلایەن تیمەكانی خۆمان و كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێن.
هێمای بۆ ئەوەشكرد، ئەو پڕۆژانەی كە بۆ ساڵی داهاتوو لە بواری پاككردنەوەی ناوچەكان لە مین و تەقەمەنی بڕیارە جێبەجێ بكرێن، رێژەیەكیان بەر ناوچەی پشدەر كەوتون و هاوكاتی دەستكردنەوە بە پاككردنەوەی ناوچە مینرێژكراوەكان و دابینكردنی بودجە بۆیان،جێبەجێ دەكرێن.
رونیشیكردەوە، پێش ئەوەی ئەو كۆمپانیایە نەوتیانەی ئێستا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین كاری پشكین و دەرهێنانی نەوت بكەن، لەلایەن تیمەكانی كەرتی تایبەت و دەزگاكەمانەوە كاری پشكین و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی بۆ سنوری كاریان كراوە بۆ ئەوەی لە كارەساتی دڵتەزێن دوربن.
