ئەردۆغان سەردانی هەولێر و كەركووك دەكات

 ئەردۆغان سەردانی هەولێر و كەركووك دەكات
رۆژنامەی ستاری توركی نزیك لە حكومەت بڵاویكردووەتەوە، كە بەمزووانە نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەكات. راشیگەیاندووە دوای ئەو سەردانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا، كەركووك و هەولێر دەكات.

سەردانەی مالیكی بۆ توركیا چاوەڕوانكراوە، چونكە لە 10 ئەم مانگەدا كاتێك ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدای كرد، داوەتنامەیەكی ئەردۆغانی پێشكەشی مالیكی كرد و ئەویش قبوڵی كرد، كە سەردانی توركیا بكات. ئەوەش وەك هەوڵێك لەپێناو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بە كاتی هیچكام لە سەردانەكان نەكردووە، بەڵام سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق دەكەوێتە دوای سەردانەكەی مالیكی بۆ توركیا.

هەروەك رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە ئەردۆغان لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ عێراق دێتە هەولێر، پێشتریش سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكاتی ماڵئاواییكردن لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە لە 16ی ئەم مانگە سەردانی ئامەدی كرد، گوتی \"لە هەولێر دەتبینمەوە\"".

ئەمڕۆش سێشەممە 26/11/2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك دەگاتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆدەبێتەوە بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەسەر هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هێڵی نەوتیی تازەی هەرێمی كوردستان و توركیا.

بەپیێ سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەدا بەشێوەیەكی فەرمی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واژۆدەكات، كە لە رێگەی ئەو بۆرییە نەوت و غازەوە هەناردە دەكرێت، كە سەرەتای ئەو مانگە تەواو ئامادەبووە.

عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یاوەری بارزانی دەكات لەو سەردانەیدا بۆ ئەنقەرە.

دوای گەڕانەوەی لە ئەنقەرە، وابڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باسبكات و رێككەوتنەكەیان بۆ بخاتەڕوو، كە نێچیرڤان بارزانی جەخت لەسەر ئەوەدەكات، كە ئەو رێككەوتنە لە خزمەتی گەلانی عێراقدایە.







رووداو "
Top