هەڵمەتی هۆشیاری نیشتمانی لە قوتابخانەكانی پەروەردەی رانیە بەرێوە دەچێت

هەڵمەتی هۆشیاری نیشتمانی لە قوتابخانەكانی پەروەردەی رانیە بەرێوە دەچێت
هاوشێوەی ناوچەجیاجیاكانی هەرێم و لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان،لە قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەی رانیە هەڵمەتێكی هۆشیاری نیشتمانی بەڕێوەدەچێت.


یوسف ناودەشتی لە راگەیاندنی پەروەردەی رانیە بە پەیامنێری راگەیاند،بە ئامانجی هۆشیاركردنەوەی هەردوو رەگەزی نێرو مێ‌ لە ناوەندەكانی خوێندن و كەم كردنەوەی جۆرە جیاوازەكانی توندو تیژی لە كایەكانی ژیاندا، بەرێوەبەرایەتی توندو تیژی دژی ئافرەتانی راپەڕین بەهاوكاری بەشی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رانیە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی زنجیرە چالاكییەك لە ناوەندەكانی خوێندن لە ژێر ناونیشانی (هەڵمەتی هۆشیاری نیشتمانی ) بۆ قوتابی و خوێندكارانی ناو شارۆچكەی رانیەو گشت شارەدێكانی دەوروبەری.



گوتیشی، ئەم هەڵمەتە هۆشیارییە لەلایەن چەند تیمێكەوە بۆ ماوەی (15) رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا قوتابیان لە هۆكارو ئەنجامی توندوتیژی و چۆنێتی مامەڵكردنیان لەگەڵ ئەم بابەتانە هۆشیاردەكرێنەوەو گفتوگۆی كراوە لەسەر بابەتەكە دەكرێت.



لەلایەكی ترەوە لەژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و بەئامادەبونی سەرۆكی فەرمانگەی ریكخراوە ناحكومیەكان و بەشدار بونی ئەنجومەنی باڵای خانمان و پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و بەریوەبەری گشتی توندوتیژی لەهەرێمی كوردستان بەدروشمی (بەرەو بەدیهینانی هزری ناتوندوتیژی دژی ژنان ) بڕیارە رۆژانی 27 و 28 ی ئەم مانگە كۆنفرانسی ( لەتوندوتیژی یەوە بۆ ئاشتەوایی خیزانی) بەهاوكاری فەرمانگەی ریكخراوە ناحكومیەكان و بەریوەبەرایەتی بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی لەراپەرین) لە شارۆچكەی رانیە بەڕێوە بچێت.
Top