نێچیرڤان بارزانی رێككەوتنی ناردنی نەوت و غاز لەگەڵ ئەردۆغان واژۆدەكات

 نێچیرڤان بارزانی رێككەوتنی ناردنی نەوت و غاز لەگەڵ ئەردۆغان واژۆدەكات
رۆژی سێشەممە 26/11/2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك دەگاتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆدەبێتەوە بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەسەر هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هێڵی نەوتیی تازەی هەرێمی كوردستان و توركیا.

بەپیێ سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەدا بەشێوەیەكی فەرمی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واژۆدەكات، كە لە رێگەی ئەو بۆڕییە نەوت و غازەوە هەناردە دەكرێت، كە سەرەتای ئەو مانگە تەواو ئامادەبووە.

دوای گەڕانەوەی لە ئەنقەرە، وابڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باسبكات و رێككەوتنەكەیان بۆ بخاتەڕوو، كە نێچیرڤان بارزانی جەخت لەسەر ئەوەدەكات، كە ئەو رێككەوتنە لە خزمەتی گەلانی عێراقدایە.

سەبارەت بە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، تانەر یەڵدز، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی توركیا رایگەیاند \"مافی گەلی عێراقە لە داهاتی نەوت و ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) ئیمزا دەكرێن سوودمەندبێ و دەبێ كۆپییەكی بەڵگەی ئەو پارانە، كە لە بانكەكانی توركیادا هەڵدەگیرێن، بدرێتە حكومەتی عێراق\"".

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە رۆژی 23ی ئەو مانگەدا لە هەولێر رایگەیاند، كە دەبێ یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوت و غاز بەزووترین كات لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، كە دەبووایە ئەو یاسایە و یاسای نەوت و غازی عێراق بەپێی دەستووری عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا دەربچێت، بەڵام گۆڕینی پڕۆژەی یاسای رێككەوتن لەسەركراوی نەوت و غاز لەلایەن حكومەتی مالیكییەوە، ئەو دوو یاسایەی دواخست.

راپۆرتە جیهانییەكان دەڵێن، هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هێڵی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، سەربەخۆییەكی ئابووری دەداتە هەرێمی كوردستان ، ئەوەش مەیدان فراوانییەكی زۆر و جورئەتێكی زۆر دەداتە سیاسەتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەفتەی رابردوو، د.ئاشتی هەوارمی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنقەرەبوو بۆ رێكخستنی دوایین كارەكانی نێو رێككەوتنەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بۆ هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.

هەروەها بەپێی سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوڕێیەتی نێچیرڤان بارزانی دەكات لەو سەردانەیەدا بۆ ئەنقەرە.





رووداو "
Top