سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی كۆنگرەی یەكەمی هاوڕێیانی بەرتڵە دەكات
لە كۆبوونەوەیەكدا ئەندامانی شاندەكە زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و كۆبوونەوە لەگەڵ جەنابیان. دواتر ئەندامانی شاندەكە سەرۆك بارزانیان لە ئامانج و بنەماكانی كۆنگرەی یەكەمی هاوڕێیانی بەرتڵە ئاگادار كردەوە و ئاماژەشیان بەو كێشە و گرفتانە كرد كە هاووڵاتیانی مەسیحی لە دەڤەری تلكێف و بەرتەڵە و دەشتی نەینەوادا ڕووبەڕووی بوونەتەوە. بە تایبەت دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی دانیشتوانی مەسیحی لەو ناوچانە كە بە هۆكاری جۆراوجۆر ناوچەكانیان جێهێشتوون و بەرەو هەرێمی كوردستان هاتوون. شاندی كۆنگرەی یەكەمی هاوڕێیانی بەرتڵە نیگەرانی خۆیان نیشاندا لە ئەگەری گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچانەی مەسیحییەكان تێدا نیشتەجێن و ئامانجی سەرەكیی كۆنگرەكەشیان دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو گرفتە.
شاندی میوان وێڕای ئاماژەپێدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە جێگیركردنی مافی كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكان لە دەستووری عێراقدا داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە یارمەتیی ناوچەكەیان بدات بۆ ئەوەی پارسەنگی سرووشتیی دیموگرافیای ناوچەكانیان نەشێوەێندرێت. هەروەها ئەندامانی شاندەكە زۆر سوپاسی خەڵك و حكوومەت و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیان كرد كە ڕۆڵێكی بەرچاویان لە پاراستن و حەواندنەوە و یارمەتیدانی مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكە لە موسڵدا هەبووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنگرەكەیان خواست و هێمای بەوەدا كە لەهەرێمی كوردستان فەرهەنگی لێبوردەیی و پێكەوەژیان بەهێز و مێژووییە و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی بوونی نییە. سەبارەت بە كێشەكانی دەشتی نەینەوا سەرۆك بارزانی گوتی: \" لەحاڵەتی نەبوونی سەقامگیری و نەبوونی ئاساییشدا هەموو لایەك و هەموو پێكهاتەیەك دەبنە ئامانج و هاووڵاتیان بەشێوەیەكی كاتی بەدوای پەناگە دەگەڕێن و شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن و لە سەقامگیری و ئاسایشدا دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. بەڵام ئەگەر جێهێشتنی ناوچەكان و گۆڕانی دیموگرافی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو و بەرنامەبۆداڕێژڕاو بێت ئەوەیان جێگەی قبووڵ نییە و پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە\"". هەر پەیوەست بە كێشەی هاووڵاتیانی بەرتڵە سەرۆك بارزانی باسی ئەوەی كرد زۆربەی ئەو ناوچانە لەڕووی خزمەتگوزاری و بایەخپێدانەوە لە لایەن ناوەندەوە پەراوێز خراون و هەرێمیش لەڕووی ئیدارییەوە ناتوانێ یارمەتییان بدات بەڵام لەگەڵئەوەشدا هەرێمی كوردستان باوەشی كراوەیە بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی عێراقی و حەواندنەوەیان لە هەر ئایینێك و نەتەوەیەك بن. "
