تەقینەوە قامیشلۆ دەهەژێنن

تەقینەوە قامیشلۆ دەهەژێنن
سەرچاوەكان ڕایانگەیاند، لەبەردەم بانكێكی كشتوكاڵیدا كە پارتیی یەكێتیی دیموكرات(PYD) تێیدا جێگیرە و مۆڵگەی چەكدارانیەتی و بەندیخانەیشی تێدایە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقیوەتەوە و زیانی گیانی و ماڵی بە دوای خۆیدا هێناوە.

زانیارییەكان كە لە شایەتحاڵانی شوێنی ڕووداوەكە دەست ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر كەوتوون، تەقینەوەكەی بەردەم بانكە كشتوكاڵییەكە ئێوارەی دوێنێ شەممە بووە، PYD وەك بەدیخانە و مۆڵگەی چەكدارانی سوودی لێ دەبینێت، دەكەوێتە گەڕەكی قەناتی سویسەوە لە شاری قامیشلۆ.

بە هۆی تەقینەوەكەوە زیانی گیانی لە نێو چەكدارانی PYDدا لێ هەبووە، بەڵام نەزانراوە كە چەندن.هاوكات بە هۆی گەرورەیی دەنگی زۆری تەقینەوەكە ژمارەیەك باڵاخانەی دەورووبەری بانكەكە ڕماون.

ئۆتۆمبێلێكی دیكە خۆی بە بازگەی دەروازەی ڕۆژاوای قامیشلۆدا تەقاندووەتەوە كە لە دەست هێزەكانی PYDدایە و بە هۆیەوە 3 چەكداری پەیەدە كوژراون و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

هەر دوێنێ شەممە، لەبەردەم مەفرەزەیەكی ئاسایشی چەكداری بەرانبەر باخچەی سەیفانی گەڕەكی ئەربەوییەی قامیشلۆ، تەقینەوەیەكی دیكە ڕووی دا و زیانی گیانی بە دوای خۆیدا هێنا، بەڵام هێشتا ژمارەی قوربانیان نەزانراوە.

سەرچاوەكان هاوكات ئاماژەیان بە تەقینەوەیەكی دیكە دا لە گوندی تەل مەعرووف. وەك سەرچاوەكان دەڵێن، تەقینەوەكە لەسەر ڕێگەیەكی بووە كە بە بەردەم قوتابخانەیەكدا تێپەڕ دەبێت و بە هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بوونەتە قوربانی. سەرچاوەكان زیاتر گوتیان كە هەر دوێنێ، پێكدادان لە نێوان چەكدارانی پەیەدە و بەرەی نوسرەدا لەو ناوچەیە هاتووەتە ئاراوە؛ هەر لەو سەروبەندەیشدا هێزەكانی ڕژێمی سووریا، لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆوە تۆپی ناوە بە شوێنی بەرەورووبوونەوەكان لە گوندی خەزنا و تەل مەعرووف و دەروبووبەری باشووری ڕۆژاوای قامیشۆ.

تەقینەوەكانی قامیشلۆ پاش چەند ڕۆژێك دێت لە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی \"خۆبەڕێوەبەری\"" لە ناوچە كوردییەكاندا.

لەلایەكی دیكەوە، شۆفێری پاسەكان لە شارۆچكەی دەرباسیە دەڵێن، هێزێكی ئەمنیی پەیەدە ڕێی كاری لێ گرتوون بەو هۆیەیە كە بەشدارییان لە بەخاكسپاردنی تەرمی چەكدارانی پەیەدەدا نەكردووە."
Top