لە حاڵەتی روودانی بومەرلەرزەیەکی دیكە ئەگەری روخانی قەڵای شێروانە لە ئارادایە
لەو بارەیەوە لێپرسراوی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان، محەممەد عەلی، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری رایگەیاند: پاش ئەوەی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو دوو بومەلەرزە ناوچەكەی گرتەوە، بەهۆیەوە نهۆمی دووەمی قەڵای شێروانە لە شاری كەلار چوار درز لە دیوارەكانی دروست بووە و هەروەها بەشی سەرەوەی قەڵاكەش كە بە كڵاوفەرەنگی ناودەبرێت، بە هەمانشێوە درزی تێدا دروست بووە. هاوكات درزە كۆنەكانیش گەوەرتر بوون.
محەممەد عەلی، گوتی: هەر بەوهۆیەوە ئەو پارچە كەلەپورییانەی كە بۆ نمایشكردن دانراون، بەشێكیان لە كاتی بومەلەرزەكە كەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بەركەوتووە.
محەممەد عەلی ئاماژەشیدا، بە شێوەیەكی گشتی ئەو زیانانەی بەر قەڵاكە كەوتووە زیانێكی ئەوتۆ نییە، بەڵام لە حاڵەتی روودانی بومەلەرزەی دیكە و بە تایبەتی ئەگەر گوڕەكەی لەوانەی پێشووتر بەهێزتربێت، ئەوا ئەگەری ڕووخانی قەڵاكە بە تایبەتی بەشی نهۆمی دووەم و سەرەوەی لە ئارادایە.
قەڵای دێرینی شێروانەی شاری كەلار، خاوەن مێژوویەكی دوورو درێژە و هێمای شارستانی و ئاوەدانی سنووری گەرمیانە و سیمبولی ناوچەكەیە.
