بڕگەکانی بەنێودەوڵەتبوونی مەرزی کێلێ جێبەجێ دەکرێن
بەرھەم ئەحمەد،لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری راگەیاند،ئەو مەرزە کە دەکەوێتە سنوری شارەدێی ھەڵشۆی سەر بە شارۆچکەی پشدەر مەرزێکی گرنگ و بەناوبانگە بەڵام بەھۆی نەبونی مەرج و رێنماییە پێویستەکانەوە تا ئێستا بە مەرزێکی فەرمی و نێودەوڵەتی نەناسراوە.
گوتیشی، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی مەرزەکانی تر ببێتە مەرزێکی فەرمی و نێودەوڵەتی پێویستە چەند شتێکی بۆ جێبەجێ بکرێت لەوانەیە رێگەیەکی باش و کردنەوەی فەرمانگەو پێویستیەکانی ترلەو روەوە تا ئێستا ھەریەکە لە کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری و بینای گومرگ و بنکەی پاسەوانی سنورو ھەندێ لە فەرمانگەکانی ترمان لە مەرزەکە کردوەتەوەو بڕگەکانی خۆشکردن و بڕینی رێگاکەشی تەواوبوە کە لەقەڵادزێ بۆ دارەشمانەو لەوێشەوە بۆ مەرزەکەیەو بڕیاریشە ساڵی داھاتوو قیڕ بکرێت.
بەرھەم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد،ھەرکات ئەو رێگایە تەواوبوو و فەرمانگەو پیویستیەکانی تریش بۆ دابین کرا لەرێگەی لایەنە پەیوەندارەکانەوە کاری بە فەرمی ناساندن و بەنیودەوڵەتکردنی دەست پێدەکەین کە کاریگەری باشی لەسەر جوڵەی ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری و دابینکردنی ھەلی کار بۆ ھاوڵاتیانی سنورەکە دەبێت.
