نێچیرڤان بارزانی ‌و نەوشیروان مستەفا: بۆچوونەكانمان لێكنزیكن

 نێچیرڤان بارزانی ‌و نەوشیروان مستەفا: بۆچوونەكانمان لێكنزیكن
له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ سلێمانی پرسی پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمیان خسته‌ڕوو

له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ شارى سلێمانى به‌ مه‌به‌ستى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى شاندى دانووستكارى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و شاندى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبۆوه‌.

له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، ته‌وه‌ر و پرسه‌ گفتوگۆكراوه‌كانى نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ روو.

له‌ سه‌ره‌تاى پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا، نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌رى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ پرسى گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌م رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى له‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێكى هاوبه‌ش رێككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ى بێت به‌ به‌رنامه‌ى هاوبه‌شى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ چوار ساڵى داهاتوو و هاوكات گووتیشى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چوار ساڵى داهاتوو، چوار ساڵى ئارامى و ئاشتى و سه‌قامگیرى بێت و نه‌وشیروان مسته‌فا راشیگه‌یاند كه‌ له‌ گفتوگۆكانیاندا، زیاتر خاڵى هاوبه‌شیان به‌ دی كردووه‌ و نه‌وه‌ك خاڵكى ناكۆك ، له‌و روه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ گه‌شبینى هه‌وڵه‌كان كرد بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و گووتیشى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌ش و میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێكردنى، رێكبكه‌وین و گرنگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتوودا، خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌كى لێ دروست بكه‌ین.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى دانووستكارى پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌ر له‌ پرێس كۆنفراسه‌كه‌دا رایگه‌یاند كه‌ هه‌ردوولا گفتوگۆى خۆیان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌م كردووه‌ و به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى زۆرباشى وه‌سفكرد و گووتیشى كه‌ لیژنه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بچێته‌ ناو وورده‌كاریه‌كانه‌وه‌ و هیواشى خواست كه‌ به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌كان، به‌ زووترین كات حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێم پێكبهێنرێت.

له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا، نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وان له‌ سه‌ر مه‌بادئیه‌كان و تێڕوانینیان بۆ چوار ساڵى ئاینده‌ مووته‌فقین، هاوكات ئه‌وه‌شى خسته‌روو كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌ پرسى گۆڕینى پارێزگارى سلێمانى كراوه‌ و له‌و رووه‌شه‌وه‌ى سه‌رۆكى شاندى دانووستكارى پارتى رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌بێت پرسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى یاساى یه‌كلابكرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌رێكى گونجاوى بۆ بدۆزرێته‌وه‌ى كه‌ جێگه‌ى ره‌زامه‌ندى هه‌مووان بێت.

Top