پڕۆژە یاسایەك لە كوردستانەوە ئاراستەی بەغدا كرا

پڕۆژە یاسایەك لە كوردستانەوە ئاراستەی بەغدا كرا
بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی كوردستان لە نێوان 1963 تا 2003 پڕۆژە یاسایەكی خەمڵاندنی قەرەبووكردنەوە ئاڕاستەی حكومەتی عیراقی لە بەغدا كرد.


ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان گووتی: لەماوەی دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق گەلی كورد زۆر ترین زیانی بەركەوتووە، قوربانیدان بەردەوام بووەو زۆرترین وێرانكاری بەر خاكی كوردستان كەوتووە و زیانەكانیش بێشومارن، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو هەوڵی ئەوە دراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان، بۆیە ئێمە ڕەشنووسی یاسایەكمان ئامادەكردووە، پێشتر ویستمان پڕۆژەكە ئاراستەی عیراق بكەین، بەڵام دوای ئەوەی كە شاندی دانوستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت گەیشتە بەغدا، یەكەم خاڵی چاكبوونەوەی پەیوەندییەكان قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی كوردستان، دوای ئەوە ئێمە ڕاسپێردرا ین بۆ كاركردن لەو بڕیارە، لێژنەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەكرا بەسەرۆكایەتی د. ئاشتی هەورامی و ئەندامێتی وەزیرانی دیكەی حكوومەت، ئێمەش لە وەزارەتی شەهیدان لێژنەیەكمان پێكهێنا بۆ ئەو مەبەستە كارییان كرد لەسەر ئەو پێشینەیەی كە هەیەو ئێمە پڕۆژەیەكمان نارد بۆ حكومەتی عیراق، بەپێی یاسای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێت لەماوەی 90 ڕۆژ حكومەتی عیراق وەڵامی ئێمە بداتەوە.


لەبارەی پڕۆژەی قەربووكردنەوەكە وەزیری شەهیدان گووتی: قەرەبووكردنەوەكە بە لەبەرچاوگرتنی نموونەی كوە یت كە تازەو نزیكە پڕۆژەكە ئامادە كراوە، ئەم پڕۆژەیە زەرەرو زیانەكانی پۆلێنكردووەو كە بریتییە لە زیانە مرۆییەكان و ماددییەكان و ژینكەو زیانی ناڕاستەوخۆ و زیانی فەرامۆشكردنی سیاسی و بنیادنانەوەی جارێكی دیكە كە نزیكەی 384 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

لەبارەی ووردەكاری زیانەكانیش لەبارەی مرۆیی وەك كۆمەڵكوژی و دژی مرۆڤایەتی و بێ سەرپەرشتان و ڕاگواستن و بۆردومانی گوندەكان و زیندانیانی سیاسی كە قەرەبووكردنەوەیان بە 306 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

هەر بەپێی پڕۆژە ئامادەكراوەكە زیانە ماددییەكانیش خۆی لە زیانی تێكدانی گوند و شارو شارۆچكەكان و شوێنی خواپەرستی و هەوارگەكان و بنكەكانی تەندروستی و لەناوبردنی ئاژەڵان و بنكەی پۆلیس و بەرگری شارستانی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی وەك پەیوەندییەكان و كارەباو ئاو و ڕێگاو بان و پردەكان دەگرێتەوە كە ئەویش بە 32 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

هەرچی زیانەكانی دیكەیە وەك ژینگەو زیانی ناڕاستەوخۆ كە بەخێزانەكان گەیشتووە هەروەها زیانی فەرامۆشی سیاسی و كۆمەلایەتی و ڕۆشنبیری و بیناكردنەوەی زیاتری تێكدراوە كە ئەو زیانانەش خەمڵێنراوە بە زیاتر لە 45 ملیار دۆلار.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری شەهیدانی هەرێم ڕوونی كردەوە كە ئەو پۆلێنەی لەم یاسایەدا كراوە بە پێوەرە زانستییەكان ئەنجامدراوەو كەسانی پسپۆڕ و شارەزای بوواری كارگێری و یاسایی و دارایی و پۆلێن و ئامار تێیدا بەشدار بوونە.

لەبارەی ئەو پڕۆژەیەی كە ئاراستەی بەغدا كراوە وەزیری شەهیدان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە بەپێی یاسا هەر زیانێك كە لەلایەن تاوانبارانەوە دەدرێت یان تاوانبار قەرەبووی زیان لێكەووتوان دەكا تەوە یان میراتگرانی، ئێمەش ئەم پڕۆژەیەمان ئاراستەی حكومەتی بەغدایە كە زیانەكان زۆر لەو بڕە زیا ترە كە ئێمە پێشكەشمان كردووە كە خۆی لە 384 ملیار دۆلار دەبینێتەوە.


هەروەك باسی لەوەشكرد كە ئەو پرسە پرسێكی سەرانسەری نەتەوەییە بۆیە دەبێت ببێتە پرسێكی نیشتیمانی و ئەركە لەسەر شانی هەموو تاكێكی كورد بۆكارلەسەركردنی و ئێمەش بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەی وەك مافێك بۆ كەس و كاری قوربانیان دابینی دەكات.
Top