خانەقین.. دوو تەقینەوە لە ناو بەشداربووانی عاشورا 80 كوژراو و برینداری لێدەكەوێتەوە

خانەقین.. دوو تەقینەوە لە ناو بەشداربووانی عاشورا 80 كوژراو و برینداری لێدەكەوێتەوە
پێش نیوەرۆی ئەمرۆ لە شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆچكەی خانەقین، بەهۆی دوو تەقنیەوەی خۆكوژییەوە لە ناو بەشداربووانی مەراسیمی عاشوورادا، 16 هاووڵاتی كوژران و هەروەها 64 كەسی دیكەش برینداربوون. بە وتەی سەرچاوەیەكیش زۆربەی قوربانییەكان كوردی زەرگوشین.



بەرێوەبەری شارەدێی سەعدییە ئەحمەد سامر زەرگووشی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ كاتژمێر11ی پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ، لە كاتی بەرێوەچوونی مەراسیمی عاشوورادا، دوو تەقینەوە لە ناو بەشداربووانی مەراسیمەكە روویدا كە بە پێی زانیارییەكان هەردوو تەقینەوەكە خوكوژیی بووە و بەهۆیانەوە بە پێی ئامارە فەرمییەكان 16 هاووڵاتی كوژراون و هەروەها 64 كەسی دیكەش برینداربوون.



ئەحمەد سامر ئاماژەشیدا، بریندارەكان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەكانی سنوورەكە و هەروەها لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، گەماڕۆی ناوچەكە دراوە و لێكۆڵینەوەكان لەوبارەیەوە دەستی پێكردووە.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سەعدییە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند؛ تەقینەوەكان لە ناو بەشداربووانی هاووڵاتیانی كوردی زەرگووشی روویداوە كە خەڵكی عەسرییەی سنوورەكەن.

وتیشی، زۆربەی بریندارەكان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەكانی خانەقین و جەلەولاو كەلار.

لای خۆشییەوە سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی خانەقین بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ زۆرێك لە بریندارەكانی ناوچەكە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی خانەقین و ئەوانەی برینەكانیان سەختە ڕەوانەی نەخۆشخانەی كەلار دەكرێن.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، پێویستیان بە خوێن هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە هاووڵاتیانی سنوورەكە كرد هاوكاری بریندارەكان بكەن.

ئەمرۆ لە رۆژی دەیەمی موحەرەمدا، لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق و بە تایبەتی ناوچە شیعە نیشینەكان، مەراسیمی عاشوورا بە چرو پڕی ئەنجامدەدرێت كە تایبەتە بە شەهید كردنی ئیمام حوسێن كوڕی ئیمام عەلی كە هاوكات كچەزای پێغەمبەری ئیسلام \"محەممەد\"" (د.خ) و، لە سنووری خانەقینیش ساڵانە ئەم مەراسیمە دەكرێتەوە بە هەزاران هاووڵاتی تێیدا بەشداری دەكەن."
Top