ئەردۆغان: با مەراسیمی ئامەد بکەینە تاجی بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: \""ئێمە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پرۆسەیەکی مێژوویی ئەنجامدەدەین\"".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند: \""ئەوان بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری بە کۆمەڵ ویستوویانە کارێکی جیاواز بکەن، ئاهەنگەکە بۆ 300 کەس دروستبکەن\"".
داواشی کرد ئەو مەراسیمە ببێتە تاجی پرۆسەی چارەسەریی، ئەردۆغان گوتی: \""با ئەو مەراسیمە بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببێتە تاجی پرۆسەی ئاشتی، گووتومانە با پێکەوە دوو هاورێی وەک شڤان پەروەر و ئیبراهیم تاتلیسیش کۆنسێرتەکە ئەنجامبدەن\"" وەک ئاماژەیەک بۆ بەشداربوونی هەردوو هونەرمەندە ناسراوەکە.
هاوکات ئەردۆغان رایگەیاندووە، هەر ئەوکات لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سیاسی ئەنجامدەدەن.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەروەها گوتویەتی، \""هەموومان پێکەوە خەڵکی ئامەد لە باوەش دەگرین، هەموو ئاوات و حەزمان بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە دەمانەوێت ئاشتی لەو وڵاتە بەرپابکەین، دەمانەوێت خۆشی و شادی لەو هەرێمە دروستبکەین.\""
لەبارەی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە، کە \""بەم دواییە پەیوەندیەکان چەند هەنگاوێک چوونەتە پێشەوە\"".
لای خۆشیانەوە بەرپرسانی بەدەپە، نیگەرانن لە سیاسەتی ئاکپارتی، بەڵام پێشوازیش لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
وابڕیارە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 16.11.2013 سەردانی ئامەد لە باکووری کوردستان بکات. ئەجێندای سەردانەکە بریتییە لە بەشداریکردن لە پڕۆسەیەکی هاوسەرگیری بە کۆمەڵ بۆ کوڕ و کچانی ئامەد و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا.
ئەم سەردانەی بارزانی بۆ ئامەد لە باکووری کوردستان، دووەم سەردانیەتی لە دوای راپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەهاری 1991، کە یەکەم سەردانی بۆ ئەو شارە لە ساڵی 1992 بوو.
رووداو "
