بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێر: لە شەش مانگدا ٢٧٤٣کەسمان بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر کردووە
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێر ڕائید سەران لەتیف نەجم، ئاشکرای کرد کە لە شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێر توانیویانە ٢٧٤٣ کەس بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر بکەن و ڕادەستی شوێنی پەیوەندیداریان بکەن.
ڕائید سەران ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە کە ھێزەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کێشەیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە لە لایەن ھاووڵاتیانەوە ڕوویان داوە وەک کۆنتڕۆڵکردنی کێشەی خێزانی و دەستبەسەرداگرتنی چەندین چەک کە لە کێشەکاندا بەکار ھێنراون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو کە پۆلیسی فریاکەوتن لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا وێڕای ئەوەی چەندین کەسیان دەستگیر کردووە کە لە لایەن دادگاکانەوە داوا کراون، ھاوکات دەستیان بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێکیشدا گرتووە کە سەرپێچیی یاساییان ئەنجام داوە و لە لایەن فەرمانگەکانی میرییەوە داوا کراون.
روونیشکردەوە: ھێزەکانیان جگە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەرشانیان، بەشداری لە ھەڵمەتی خوێنبەخشیندا دەکەن و کۆمەکی ئەو ھاووڵاتیانەش دەکەن کە نەخۆشن و بۆ نەخۆشخانەکان دەیانگوازنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لەو شەش مانگەدا چەندین منداڵیان دۆزیوەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کردوون.
