حكوومەت دەربارەی پرسی پارێزگاری سلێمانی هاتە دەنگ

حكوومەت دەربارەی پرسی پارێزگاری سلێمانی هاتە دەنگ
نووسینگەی راگەیاندی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی لەئارادابوونی هەڵمەتێك بۆ لادانی پارێزگاری سلێمانی، روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و تێیدا ڕوون كراوەتەوە كە دانانی بەهرۆز محەمەد ساڵح وەك پارێزگاری سلێمانی هیچ كێشەیەكی یاسایی تێدا نییە و قانوونییە. ڕوونكردنەوەكە جەختی كردووەتەوە كە، لە نزیكترین كاتدا وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان دیاری دەكرێت و ئەوكات لە رێگەی سندووقەكانی هەڵبژاردنەوە هەموو پرسەكان یەكلایی دەبنەوە، بەڵام جگە لەم رێگە چارەیە هەر هەنگاوێكی تر لادانە لە یاسا.

ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرواری ئەمڕۆ یەكشەممە، ڕوونكردنەوەیەكی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە \"ئێمە رای گشتی كوردستان و هەموو هێزە سیاسیەكان لەمەترسی لێدوانێكی لەم جۆرە ئاگادار دەكەینەوە كەدەسكەوتی فیدرالی و دانپێدانانی لەدەستوری عیراقدا بكرێتە قوربانی مەرامێكی سیاسی و هەندێك لایەن هەوڵ بدەن بەبێباكی فیدرالی كەدەسكەوتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو كوردستانە، بكەن بەنرخی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی.\""



دەقی رونكردنەوەكە:

سەبارەت بەپرسی پارێزگاری سلێمانی و هەندێ لێدوانی رۆژنامەنوسی كەلەمباریەوە دەخرێنە روو، كەگوایە: (پارێزگاری سلێمانی نایاساییەو بەپێی یاسای بەعس دانراوە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانێت كەسێكی تر هەڵبژێرێت و ئەم هەنگاوەش پێویستی بەواژووی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران نییە، چونكە بەپێی ئەو لێدوانانە دوو ئیدارەییە وئەنجومەنی پارێزگا دەتوانێت خۆی پەسەندی بكات).

ئێمە رای گشتی كوردستان و هەموو هێزە سیاسیەكان لەمەترسی لێدوانێكی لەم جۆرە ئاگادار دەكەینەوە كەدەسكەوتی فیدرالی و دانپێدانانی لەدەستوری عیراقدا بكرێتە قوربانی مەرامێكی سیاسی و هەندێك لایەن هەوڵ بدەن بەبێباكی فیدرالی كەدەسكەوتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو كوردستانە، بكەن بەنرخی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی.

لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم چاوەڕانی ئەوەی لەهەموو هێزو لایەنە سیاسیەكان هەیە كەهاوكار بن بەیەكجاری پاشماوەی گرفتەكانی دوو ئیدارەیی گەر هەبن چارە بكرێن، كەچی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپەڕی بێباكیەوە دەیەوێت لەپاڵ دیاردەی نەخوازراوی دوو ئیداریەوە راو لەئاوێكی لێڵدا بكات و هەوڵ بۆ دەستخستنی پۆستی پارێزگای سلێمانی بدات، كەئەمە خواستێكە ناكرێت بەهیچ جۆرێك لەسەر حسابی لاوازكردنی فیدرالی كوردستان بێتەدی.

سەبارەت بەنایاسایی بوونی دانانی بەرێز بەهرۆز محمد ساڵح بەپارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنین كە ئەم هەڵمەتە دژی پارێزگاری سلێمانی ناڕەوایە بەپشت بەستن بەم بنەما یاساییانەی خوارەوە:

• لەهەڵبژاردنی ساڵی 2005 ی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لیستی 109 ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، بەدەنگی ئەو ئەنجومەنە پارێزگاری سلێمانی لەسەر لیستی 109 دانرا، كەلەو كاتەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەئارادا نەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی جیابونەوەی ئەو بزوتنەوەیە لەیەكێتی بەشێك لەئەندامانی ئەو لیستە چونە پاڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بەم شێوەیە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی 2005 لیستی گۆڕان بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن نەبووە وقسەكردنیان بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.

• بزوتنەوەی گۆڕان تەئكید دەكاتەوە لەجێبەجێكردنی یاسای دەسەلاتی حكومەتە ناوخۆیەكان ژمارە 71 ساڵی 2004 كەبەیاسای بریمەر ناسراوە، بەڵام لەدیباجەو مادەی یەكەمی ئەو یاسایەدا بەروونی هاتوە كەئەو یاسایە هیچ كاریگەریەكی لەسەر بەرێوەبردنی پارێزگاكانی سەر بەهەرێمی كوردستانی نابێت، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی دەستور هەرێمێكی فیدرالی دانپێدانراوەو مامەڵەكردنی پارێزگاكانی سنوری هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق مانای بەتاڵكرنەوەی فیدرالی و پێچەوانەی دەستوریشە، بۆ ئەم داوكاریە بەر لەهەموو شتێك نادەستوریە، سەرەڕای ئەوەی كە سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2005 لە بەر ڕۆشنایی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 16 ساڵی 2005 بووە و ناكرێت تەنها هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ساڵی 2005 بكرێتە بنەما بۆ جێبەجێكردنی یاسای بریمەری ژمارە 71 ی ساڵی 2004.

• هەرچی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە بە ژمارە 3 ساڵی 2009 بەپێی مادەی 41 ی ئەو یاسایە، لەدەستپێكی خولی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان جێبەجێ دەكرێت و هەر بەگوێرەی مادەی 37 هەمان یاسا كار بەیاسای ساڵی 1969 دەكرێت تاهەڵبژاردنی نوێ.

• بۆ چارەسەركردنی بۆشایی ئیداری پۆستی پارێزگار لەسلێمانی لەبەر ئەوەی كە هیچ كام لە یاسای بریمەر و یاسای نوێی پارێزگاكانی هەرێم كاریان پێناكرێت بەناچاری، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پەنای بردە بەر یاسای پارێزگاكان ژمارە 159 ی ساڵی 1969.

• لێكدانەوەی دانانی پارێزگاری سلێمانی بەپێی یاسای بەعسی ساڵی 1969 بەوەی كەدەسەڵات لە هەرێمی كورستان بڕوای بەیاسای مەركەزی و ناهاوچەرخی بەعسە، ئەمە دورە لەراستیەوە، چونكە یاسای نوێی پارێزگاكانی هەرێم لەرۆژی 4/5/2009 بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا،رەنگدانەوەی فەلسەفەی دەسەڵاتە بۆ داڕشتنی یاسایەكی نوێ لەسەر بنەمای لامەركەزیەت لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان و پێدانی دەسەڵاتی فراوان بەئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگار و رەچاوكردنی بنەمای دیموكراتی لەهەڵبژاردنیان، بۆیە تۆمەتباركردنی دەسەڵاتی كوردستان بەكارپێكردنی یاساكانی بەعس بێ بنەمایەو تەنیا بۆ مەرامی سیاسی بەكاردەهێنرێت، بەڵكو حكومەت مادەی 37ی یاسای پارێزگاكانی ساڵی 2009 ی جێبەجێكردوە.

• بەهۆی ناكۆكی و ململانێی سیاسی، سلێمانی لەم ساڵانەی دوایی روبەڕوی دۆخێكی سیاسی نەخوازراو بوەوە، ئەم دۆخە كاریگەری خراپی لەسەر كاروبارەكانی حكومەت و دەزگا خزمەتگوزاریەكانی لەو پارێزگایەدا دروست كرد، جگە لەمەش پارێزگاری پێشووی سلێمانی دانا ئەحمەد مجید، لەدەرەنجامی بەدواداچوونی یاسایی لەسەر راپۆرتەكانی دیوانی چاودێری دارایی، دۆسیەی دانا ئەحمەد مەجید رەوانەی دادگا كراو روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسای بوەوەو لەدادگاش بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، بەڵام ناوبراو ئێستا هەڵاتوەو لەدەرەوەی هەرێمە، بەمە بۆشایەكی ئیداری لەسلێمانی دروست بوو.

• حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە، بەراوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەفەرمانی هەرێمی پارێزگاری ئێستای سلێمانی بەوەكالەت دەستنیشانكردو تائێستاش چەندین كۆبونەوەی هاوبەش لەنێوان پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگادا ئەنجام دراون.بەڵام تادوای هەڵبژاردنی 21/9 ئەم پرسە بەم شێوەیە نەوروژێندراوە،بۆیە دەكرێ بوترێتوروژاندنی ئەم بابەتە بەم جۆرەی ئێستای ئاماژەیەكی دیاریخواستی كەرتكردنی هەرێم و گەڕاندنەوەی واقیعی تاڵی دوو ئیدارەییە، نەك هەوڵی گێرانەوەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.

• هیچ عورفێكی یاسایی رێگە نادات كەهەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا.

لێرەدا حكومەتی هەرێم جارێكیتر دوپاتیدەكاتەوە كەلەنزیكترین كاتدا وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان دیاریدەكرێت و ئەوكات لەرێگەی سندوقەكانی هەڵبژاردنەوە هەموو پرسەكان یەكلایی دەبنەوە، بەڵام جگە لەم رێگە چارەیە هەر هەنگاوێكی تر لادانە لەیاسا.

نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان"
Top