شارەوانی قەڵادزێ‌ لەڕێگەی بەرنامەیەكەوە قەرەباڵغی و ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمدەكاتەوە

شارەوانی قەڵادزێ‌ لەڕێگەی بەرنامەیەكەوە قەرەباڵغی و ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمدەكاتەوە
سەرۆكی شارەوانی قەڵادزێ‌ ڕایگەیاند،لەرێگەی جێبەجێكردنی چەند بەرنامەو پلانێكەوە كار لەسەر كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و قەرەباڵغی شەقامەكانی ناو قەڵادزێ‌ دەكەن كە گرنگترینیان دروستكردنی بەرزە پردێكە لە شارۆچكەكە بۆیەكەمجار.


ئاوارە عەلی بەپەیامنێری ڕاگەیاند،لە هەندێ‌ شوێنی ناو بازاڕو شەقامی شارۆچكەی قەڵادزێ‌ گرفتی هاتوچۆو قەرەباڵغی هەیەو بەهۆیەوە زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ رودەدات بۆیە لە بەرنامەیەكماندا هەستاوین بە هاوكاری هاتووچۆی پشدەر هێڵكاری شەقامەكانمان كردوەو هاوكات بە نیازیشین سەرجەم تاسە نایاساییەكان لاببەین و تاسەی پلاستیكی و ستانداردیان لە جێگە دابنێن.


گووتیشی،هاوكات بەرزە پردێكیش دروست دەكەین و چەند رێگەیەكی نوێشی بۆ دروستدەكەین و دەیخەینەوە سەر بۆ ئەوەی قەرەباڵغیەكە دابەش ببێت و كەمبێتەوە لەو ڕووەوە ئەو پردە ئێستا بودجەی بۆ دابین كراوەو خراوەتە كاری دیزاین و ئیحالەوە.

سەرۆكی شارەوانی قەڵادزێ‌ ڕوونیشیكردەوە كە بەدەر لەوەش بەنیازن لە ڕێگای دروستكردنی رێگایەكەوە ڕێگای ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان لەناو شارۆچكەكە لاببەن كە ئەوەش پەستانی ناو شارۆچكەكەو ڕووداوەكان بەشێویەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە.
Top