دوو تۆمەتبارلە هەولێر دەستگیر کران

دوو تۆمەتبارلە هەولێر دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بە تۆمەتی شكاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی دەشبوول لە هەولێر، دوو تۆمەتباریان قۆڵبەست كردووە كە دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.

ڕائید كاروان عەبدولكەریم گوتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای‌ سەرهەڵدانی‌ چەند دیاردەیەكی‌ دزی‌ لە شاری‌ هەولێر، نووسینگەی‌ باشووری بەڕێوەبەرایەتیی‌ پۆلیسی نەهێشتنی‌ تاوان، لێكۆڵینەوەیەكی‌ وردی ئەنجام دا و دوو تۆمەتباریان بە ناوەكانی‌ (ه.ا.ح) لەدایكبووی‌ (1994) و (م.ر.ن) لەدایكبووی‌ (1995) دەستگیر كرد.

ڕائید كاروان هەروەها ئاماژەی دا، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە كە بە دوای‌ ئۆتۆمبێلی‌ جۆری‌ بیكاشۆی تایبەتدا گەڕاون، پاشان جامی‌ ئۆتۆمبێلەكانیان دەشكاند، دەشبوولیان دەكردەوە و گێًچەكەیان (زینۆن) دەدزی،‌ دواتر بە بڕە پارەیەك دەیانفرۆشتەوە.


گوتەبێژەكەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو كە بۆ ئەو مەبەستە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوە كرایەوە و خرایە بەردەستی‌ دادوەری‌ لێكۆڵینەوە و ئەویش بڕیاری دا بە بەندكردنیان بە پێی‌ ماددەی (446) لە یاسای‌ سزادان.

ڕائید كاروان عەبدولكەرم هەروەها ڕوونیشی كردەوە، رۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆڕێكی دزیكردنیان ئاشكرا كردووە و كۆمەڵێك تاوانبار كە بە دزیكردن تۆمەتبارن، دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەش لە تاوانەكان بەردەوامە.
Top