شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوت

شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوت
ئه‌مڕۆ یەكشەممە شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی فەریق شێروان، ئەندامی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوت بەمەبەستی تاووتوكردنی پرسی پێشمەرگەو بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

لەبارەی ئەجێندای سەردانەكەیانەوە، عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هۆشیاری ‌و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: مەبەست لەم سەردانە تاووتوكردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەیە گرنگترینیان بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگەوە.

كۆبوونەوەی ئەمجارەی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق بووەو تەواوكەری دانیشتنەكانی پێشوون.

پێشتر لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە پێكهێنانی 7 لیژنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێون هەولێر و بەغدا، دواتر و لە سەردانی مالیكی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر كاراكردنی ئەو لیژنانە كرانەوە.
Top