10 ملیار دينار لە بودجەی هەرێمی كوردستان كەمدەكرێتەوە
قاسم محەممەد مەشخەتی، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: \"هەرچەندە تاوەكو ئێستا رەشنووسی بودجەی 2014 بە دەستمان نەگەیشتووە، بەڵام زانیاریمان هەیە كە سزایەكی تێدایە و دەڵێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش وایكردووە كە بودجەی عێراق زیانی بەربكەوێت\"".
گوتیشی: \""بڕیاردراوە بڕی 10 ملیار دينار لە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت \"".
مەشخەتی روونیكردەوە، ئەوان ئاماژەیان بەوە نەكردووە كە حكوومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە پێدانی قەرزی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان، كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و دەبێ رێككەوتنی دوو لایەنی تێدابێت لایەنێكی تەواوكردنی سولفە و قەرزەكانە كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو كۆمپانیا نەوتییە بیانییانەی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و لایەنی دیكەشی ئەو مەرجە سزاییە كە ئێستا دایانناوە، كە بە هۆیەوە بوودجەی هەرێمی كوردستان تەنها چوار ملیۆن دۆلار دەبێت.
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی كوردستانی پێیوایە \""ئەمە دەستپێكی شەڕە\"" راشیگەیاند \""وەزیرە كوردەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوون، ئەمەش دەبێتە چەند خاڵێكی گرفتار بۆ كورد وەكو مەرجی سزایی، مووچەی پێشمەرگە و وكۆمپانیاكانی نەوت\"".
مەشخەتی ئەوەشی خستەڕوو، كە بودجەی ساڵی داهاتوو كەمكراوەتەوە بە رێژەی (3.10)، ساڵی 2013 بە رێژەی (4.10) كەمكراوەتەوە و ساڵی 2012 بە رێژەی (8.10) كەمكراوەتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 32 وەزیر پێكدێت، كە پێنجیان كوردن و 27یان عەرەبی شیعەو سوننەو و توركمانن، وەك مەشخەتی باسی لێوەكرد، هیچكام لەو وەزیرانە پشتیوانیی كوردیان نەكردووە لەم كێشەیە، كە حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە دروستی كردووە.
عەواد راچی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیار نییە بەهیچ شێوەیەكی یاسایی و دەستووری لە ئاراستەی بەڕێوبردنی وڵاتو بەڕێوەبردنی دەزگاكانی وڵات بەشێوەێكی راست و درووست كە لە رێگایانەوە چارەسەری هەموو كێشەكان دەكرێ لە نێوان پارێزگاكان و حكوومەت لە لایەك و لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئتیحادی لەلایەكی دیكەوە و لەم كێشەیەش تەنیا حكومەتی عێراق بەرپرسیارە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز پێیوایە درووستكردنی ئەم كێشەیە لەم كاتەدا بۆ رێكلامی هەڵبژادنە و داپۆشینی شكستەكانە لە بەڕێوەبردنی وڵات و چارەسەركردنی كێشەكان.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2012 بەغدا و هەولێر رێككەوتنێكیان واژووكرد، كە بەهۆیەوە هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرامبەر بە پابەندبوونی حكومەتی فیدراڵی بە پێدانی كرێی كۆمپانیا بیانییەكان، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵی بەغدا كرێی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی نەداوە، كە ئەمەش وایكرد دەرهێنانی نەوت كەمبكرێتەو و بوەستێت و هەناردە نەكرێت.
رووداو"
