سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: ئەزموونی ئێمە سەلماندی ئەگەر پشت بە ئیرادە و تواناکانی گەلەکەمان ببەستین سەرکەوتوو دەبین

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: ئەزموونی ئێمە سەلماندی ئەگەر پشت بە ئیرادە و تواناکانی گەلەکەمان ببەستین سەرکەوتوو دەبین
ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژمارەیەک نوێنەری پارتە شیوعی و چەپەکانی عێراق و لوبنان و فەڵەستین و ئۆردۆن و سودان و مسر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی کرد لە دیدارەکەدا سەرۆکی ھەرێم گوتی شانازیی بەوە دەکەم تاکێکم لەو گەلەی کولتووری لێبووردەیی ھەیە و ھەرگیز پەنای بۆ تۆڵەسەندنەوە و توندڕۆیی نەبردووە.


لە دیدارەکەدا سەرەتا حەمید مەجید مووسا سەرۆکی حزبی شیوعیی عێراقی بە نوێنەرایەتیی شاندی ھاوبەشی پارتە شیوعی و چەپەکانی وڵاتانی عەرەبی پەیڤێکی پێشکەش کرد و سوپاسی ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی کرد و لە درێژەی قسەکانیدا ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە گەشەسەندن و ئاساییش و دیموکراسی بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و نموونەیی وەسف کرد و سەبارەت بە بارودۆخی خەراپی وڵاتانی ناوچەکە ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمەکان بەرپرسی یەکەمن لە نەبوونی خەدەمات و بێبەشبوونی ھاووڵاتیان و ھەژاری و گەندەڵی ھەرچەندە کە ئێمە خاوەنی سەرەوت و سامانێکی مرۆیی و سرووشتیی زۆرین. حەمید مەجید مووسا باسی ئەوەشی کرد کە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی ھەموومانە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەین ھەتا گەلان بتوانن کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی دوور لە توندڕۆیی و دەمارگیری بنیات بنێین.


ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندەکە وتەیان پێشکەش کرد و تێیدا دەستخۆشییان لە پێشڤەچوون و گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان کرد و ھێمایان بەوەدا کە ئەو ئازادی و ئاساییش و دیموکراسییەی لێرەدا ھەیە ھیچ کات ناھێتەدی مەگەر لە سایەی سەرکردایەتێکی سیاسیی دڵسۆز و شارەزا نەبێت. ھەروەھا ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوان لە دوورەوە بە وردی چاودێریی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان دەکەن و بەڕوونی سەرکەوتنی دیموکراسی و ھەڵبژاردن و فرەلایەنی و سەرکەوتنی ئاساییش و گەشەسەندن لە ھەرێمی کوردستاندا دەبینین.


لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان سوپاسی ھەڵوێستی ئامادەبووانی کرد و ئەم دیدارەی بە دەرفەتێک زانی بۆ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخی ھەرێم بن و سوودیش لە گۆڕینەوەی بۆچوونەکان وەربگیرێت.

دواتر سەرۆک بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و سەبارەت بە سەرکەوتوویی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی گوتی: \"ئەزموونی ئێمە سەلماندی کە ئەگەر پشت بە ئیرادە و تواناکانی گەلەکەمان ببەستین سەرکەوتوو دەبین و لە ھەر شوێنێک ئەگەر لە پڕۆسەی سیاسیدا چاو لە یارمەتیی خەڵکی دیکە بێت ئەوە ئەنجامەکەی شکست دەبێت\"". سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان بەھایەکی قورسی داوە بەڵام ئەنجامی ھەبووە و ئازادیی وەدەستھێناوە.

پەیوەست بە ئەدای سیستەمە سیاسییەکانیش سەرۆک بارزانی سەرکەوتوویی حکوومەتەکانی بە بوونی متمانەی گەل بەستەوە و گوتی: \"" ھەرچەندە نیزامێک بەھێز و باڵادەست بێت بەڵام ئەگەر متمانەی گەلەکەی لەپشت نەبێت دەڕووخێت\"". سەرۆک بارزانی لە پەیڤەکەیدا ھیمای بە بوونی گیانی تەبایی و لێبووردەیی لەنێو گەلی کوردستانی کرد کە مێژووییەکی دوورودرێژی ھەیە و بووەتە کولتوورێکی دەوڵەمەند و گەلی کوردستان قەت پەنای بۆ توندوتیژی و تۆڵە نەبردووە تەنانەت لە دژی دوژمنەکانیشی و ئەوەی بۆ میوانەکان باس کرد کە \"" شانازیی بەوە دەکەم تاکێکم لەو گەلەی کولتووری لێبووردەیی ھەیە و ھەرگیز پەنای بۆ تۆڵەسەندنەوە و توندڕۆیی نەبردووە\""."
Top