دوو ساختەکار لە کەرکووک بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە ٧٥ دەفتەر دۆلاریان لە بازرگانێک وەرگرتووە
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی شار و شارۆچکەکانی کەرکووک، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: دوو کەس کە یەکیان کورد و ئەوی دیکەیان تورکمانە، بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە بازرگانێکی عەربیان راسپاردووە کەلوپەلی مندڵانیان لە تورکیاوە بۆ بهێنێت تا بەسەر ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دابەشی بکەن و بازرگانەکەش متمانەی بە ناوەکەیان کردووە و بایی ٧٥ دەفتەر دۆلار واتە ٧٥٠ هەزار دۆلار کەلوپەلی لە تورکیاوە بۆیان هێناوە.
دواتر دوو کەسەکە هەڕەشەی کوشتن لە بارزگانەکە دەکەن و خۆیان لە پێدانی پارەکە دەبوێرن و کەرەستەکان بەرەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە. بازرگانەکش سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات.
بەڕێوەبەری پۆلیسی شارو شارۆچکەکانی کەرکووک هەروەها گوتی: ئێوارەی دوێنێ سەرجەم کەلوپەلەکان بۆ بازرگانەکە گەڕێنراونەتەوە و حوکمی دەستگیرکردن بۆ دوو تەزویرکارەکە دەرکراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوە و دستگیرکردنی دوو تەزویرکارەکە بەردەوامە.
