بۆ یەکەمجار لە عێراق، لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا تۆماری ئەلیکترۆنی پێرەو دەکرێ
ھیندرێن محەمەد بەرپرسی ئۆفێسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند: ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتووی عێراق دەستی پێکردووە.
ھەروەھا گوتی: لە چوار چیوەی ئەو ئامادەکارییانەدا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بڕیاری داوە تۆماری دەنگدەران بە شێوازی نووسراو لەسەر کاغەز نەمینێ، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار دراوە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق تۆماری دەنگدەران ئەلیکترۆنی بێت.
راشیگەیاند: لە ئێستەدا شاندێکی کۆمسیۆن لە وڵاتی ئیسپانیایە بۆ ئەوەی گرێبەستی ھێنانی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنیە بھێننە عێراق، واتە لە ھەڵبژاردنی داھاتوو تۆماری دەنگدەران ئەلیکترۆنی دەبێ.
گوتیشی: گرنگی ئەو پرۆسەیە لەوە دایە دۆزینەوەی ناوی دەنگدەر لە رێگەی پەنجە مۆرەوە دەبێت، ھیچ کەسێک ناتوانێ لە شوێنی کەسی تر دەنگ بدات یاخود ساختەکاری بکات، یانیش ھەر کەسێک لە رێگەی پەنجە مۆرەوە ناوی نەبێت لە تۆماری دەنگدەران ناتوانێ بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردن بکات، وێرای ئەوەش لە رووی کاتەوە خێرایەوەو کارمەندی کۆمسیۆن پێویست ناکات ماوەیەکی زۆر لە لیستی دەنگدەراندا بە دوای ناوی دەنگدەردا بگەڕێ، بەڵکو تۆمارێکی ئەلیکترۆنی لە ھەر بنکەیەکی دەنگداندا دادەنرێ و دەتوانێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ناوی خۆی بدۆزێتەوە.
