سوید.. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بەشداریی لە کۆنگرەی کوردیی جیھانی کرد

سوید.. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بەشداریی لە کۆنگرەی کوردیی جیھانی کرد
لە رۆژانی ١١-١٣ی ئەم مانگە لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید بە ئامادەبوونی سەدان توێژەرو زانای کورد لە تاراوگە و لەنێویاندا شاندی ھەرێمی کوردستان سێیەمین کۆنگرەی کوردیی جیھانی(WKC٢٠١٣) سازکرا، پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەک ئەندامێکی کاراو سەرەکی لەسەر سێ ئاست بەشداری تێداکرد، یەکەمیان پێشکەش کردنی وتارێک دەربارەی بەرەوپێش چوونی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان و بواری پرۆژەکانی وەبەرھێنان لەم کەرتەدا، دووەمیان وەک ئەندامی دەستەی کۆنگرەو سێیەمیان وەک ئەندامی لیژنەکانیی رێکخستنی کۆنگرەی ساڵانە و زانستی و چاپەمەنیی کۆنگرە، پرۆفیسۆر سیروان بابان وتاری سەرەکیی کۆنگرەکەی پێشکەشکرد دەربارەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کۆنگرەیە دەبێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ دروست بوونی کۆمەڵگەیەکی زانستیی کوردی بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە بەمەبەستی گەیشتن بە خەون و ئامانجە پیرۆزەکان و جەختکردنەوە لەسەر پرسە کوردستانییە راستەقینەکان و ئامادەباشی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی رەوشە چاوەڕوانکراوەکان لە رێی دەستەیەکی زانستی بۆ ھێنانەکایەی ئامانجە ستراتیجییەکان ،مەبەست لەو کۆنگرەیەش سوودوەرگرتن بوو لە شارەزایی و توێژینەوەکان لە بوارە جیاجیاکاندا لەوانە: چۆنێتیی سوود وەرگرتن لە شارەزایی نەتەوەکانی دیکە ،وێڕای بواری تەندروستی و چارەسەری پزیشکیی نەخۆشییە درمەکان و داھێنان لە بواری بەکارھێنانی تەکنیکی تازەی دەست نیشانکردنی چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەم سەردەمە، لە تەوەرەکانی دیکەیدا کۆنگرەکە باسی لە بواری بەرەو پێش چوونی بەردەوام و ژێرخانی ئابووری و سامانی سروشتی و خوێندن و ئاشتی و دیموکراتییەت و سیاسەت و بنیادنانی نەتەوە و مافی مرۆڤ کرد،وێرای جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە کلتووری کوردی دەتوانرێت لەگەڵ کلتووری میللەتانی دیکەی جیھانی نزیک بکرێتەوە،ھەروەھا دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و ئەوانەی لە ھەندەرانن، ھاوکات ئامادەکردنی رێبەر بۆ بنەماکانی زانستی و پلانی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی دۆزی گرنگ بۆ سەرجەم کوردو کوردستان بە تایبەتی، ھەر لە میانی کۆنگرەکەدا ژمارەیەک کتێب و بڵاوکراوەی توێژەرانی کامبریدج کەلەلایەن وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئامادەکرابوون،دابەشکران، شایانی باسە رێکخراویی نێودەوڵەتیی کورد لە لایەن بژاردەیەک لە زانایانی کورد دامەزراوەو یەکەمین کۆنگرەی خۆی ساڵی ٢٠١١ لە ھۆڵەندا و دووەمین کۆنگرەشی لە ٢٠١٢ لە ھەولێر بەست و ئەمەش سێیەمین کۆنگرەیە کە لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید سازدەکرێت.
Top