سەرۆك بارزانی: پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی، لە ئەنجامی گفتوگۆوە دەبێت، نەوەك توندوتیژی
سەرۆك بارزانی راشیگەیاند كە مافێكی سروشتیی گەلی كوردە كە دەوڵەتی هەبێت، بەڵام بە دەستخستنی ئەو مافە ناكرێـت، لە رێگەی توندوتیژییەوە بێت و بەڵكو دەبێت بە شێوەیەكی سروشتی بێت و كاتی پێویستیشی پێبدرێت و گوتیشی كێشەی كورد لە هیچ كام لە پارچەكان لە رێگەی توندوتیژییەوە چارەسەر ناكرێت و رونیشیكردەوە كە ئێمە پێمان وایە كە مافی كوردە وەكو هەر كەسانێكی تر بژین و بە مافەكانمان شادبین و بەڵام سەردەمی ئێستا سەردەمی لێك تێگەیشتنە و بۆیە ئێمە هانی گفتوگۆ لە نێوان كوردان و ئەو وڵاتانەی كە كوردیان بە سەردا دابەش بووە دەدەین.
لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەیدا، سەرۆك بارزانی ئاشكرای كرد، كە كورد نایەوێت لە سەر حیسابی كەسانی تر، ئامانجەكانی بە دەستبهێنێت و بەڵكو كورد هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر و بەشداری لە چارەسەری كێشەكان، نەوەك ئاڵۆزتركردنیدا کردووە.
سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییش كەوا بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لە شاری هەولێر سازبكرێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گووتی: ئامانجی بنچینەیی لە كۆنگرەكەدا بریتییە لە یەكخستنی گوتاری كورد بۆ جیهان و وڵاتانی ناوچەكە و هەروەها ئەو گەلانەی كە كورد لەگەڵیاندا دەژیت و ئەوەشی خستە روو كە گوتاری كۆنگرە گوتارێكی ئاشتیانەیە و درێژكردنی دەستی هاوكاری و برایەتییە و هاوكات توێژینەوەیە لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی دیموكراسیانە و ئاشتیانە بۆ دۆزی كورد و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و یەكتر قەبووڵ كردن و دووپاتیشی لەوە كردەوە كە كۆنگرە بریار دەرناكات، بەڵكو لە ستراتیژە گشتییەكان، دەكۆڵێتەوە.
