دووزخورماتوو. لە ماڵی ئەفسەرێك تەقینەوە رووی دا
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی دووزخورماتوو بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند كە، درەنگانی شەوی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز لە گەرەكی عەسكەری شارۆچكەی دووزخورماتوو رووی دا و لە كاتی لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو تەقنیەوەیە لە ناو ماڵی ئەفسەرێكی پۆلیس بە ناوی موقەدەم ئەحمەد روویداوە كە بە ڕەگەز عەرەبە و لە بەغدا دەوام دەكات.
ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش ئاماژەی دا، پاش تەقینەوەكە لە لایەن دوو بازگەی هێزە ئەمنییەكان كە دەكەونە نزیكی ئەو گەڕەكەوە تەقەیەكی زۆر كرا و تەنانەت چەند گوللە ئار بی جییەكیش تەقێندران، بێ ئەوەی هۆكاری ئەو تەقانە بزانرێت.
راشگەیاند، بەپێی زانیارییەكان لە تەقینەوەی ماڵی ئەفسەرەكە و هەروەها ئەو تەقانەیش كە كراون هیچ زیانێكی گیانی نەكەوتووەتەوە.
سەرچاوەكەی ئاسایشی دووزخورماتوو ئەوەیشی راگەیاند، كە ڕووداوەكەی شەوی رابردوو جێگای گومانە، بەڵام هێشتا هیچ شتێك لەوبارەیەوە ئاشكرا نەبووە.
شایانی باسە تەقەكانی شەوی رابردوو ترس و دڵەراوكێییەكی زۆری لای هاووڵاتیانی دووزرخوماتوو دروست كردبوو و بەپێی زانیارییەكانیش زۆرجار لە كاتی رووداوی كردەوە تیرۆریستییەكان، هێزە ئەمنییەكان بە رێژەیەكی زۆر تەقە دەكەن و هۆكاری ئەمەش بەشێكی دەگەرێتەوە بۆ ترس و دڵەراوكی لە كردەوەی تیرۆریستی دیكە هەربۆیە هێزە ئەمنییەكان تەقەیەكی زۆر دەكەن.
