پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ جەماوەر و لایەنگرانی پارتی بە بۆنەی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان
پڕ بە دڵ پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی یەکە بە یەکەی ئەندام و کادر و لایەنگر و ھەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان و ھەروەھا بۆ ئەو ھەوڵ و پابەندییەی لە بانگەشەی ھەڵبژاردن و پڕۆسەی ھەڵبژاردن نیشانیان دا و بە بڕوا و خۆبەخشییەوە کاریان بۆ سەرخستنی پارتەکەیان کرد.
ڕێبازەکەتان پڕە لە سەروەری و دەستکەوت و ڕێگە پیرۆزەکەتانیش ھەوراز و نشێوی زۆری تێدایە. زۆر سوپاستان دەکەم کە بڕوابەخۆبوون و بڕوا بە سەرکەوتنتان لەدەست نەدا و بە دڵ و بە جۆشەوە کارتان بۆ ڕێبازەکەتان کرد. ئێستا ڕێگەیەکی دوورودرێژتان لەبەردەمە و پێویستە بەیەکەوە ھەنگاوی مەزنتر لەپێناو سەربڵندیی وڵاتەکەتان بنێن. با ئەم وتەیەی بارزانیی نەمر بکەینە سەرمەشقی کارەکانمان کە لەسەرکەوتندا مەغروور نەبن و لە شکستیشدا نائومێد نەبن. پێویستە ئێوە ھەمیشە لەناو جەماوەری کوردستاندا بن و خزمەتیان بکەن و گوێ لە ئێش و ئازار و داخوازییەکانیان بگرن و ڕێزیان لێ بگرن. بۆ ئەوەی بگەینە ئامانج و سەرکەوتنی کوردستان، دەبێ کار لەسەر ئەوە بکرێت خاڵە بەھێز و لاوازەکان دەستنیشان بکرێت و ھەوڵی چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان بدەن. دەبێ لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کراوە بن و ڕێزی ھەموو لایەک بگرن.
خۆشبەختانە کوردستان کەوتووەتە سەر ڕێگەیەکی ڕاست و دیموکراسی لە وڵاتەکەمان ڕیشەدار بووە. خۆشترین سات و گەورەترین دەستکەوتمان ئەوەیە کە میللەت لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە خۆی چارەنووسی خۆی دەستنیشان بکات و پەرەپێدانی ئەم نەھجە ئەرکی سەرەکیی سەرشانی ئێوەیە.
مسعود بارزانی
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
٣ـی ١٠ـی ٢٠١٣
