شاندی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراقیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیری دەرەوەی وڵاتان لە نیویۆرك كۆبووەوە
لەو دیدارو كۆبوونەوانەدا رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان بابەتی سەرەكی دیدارو كۆبوونەوەكان بوون. دوایین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی ئەو پرۆسە دیموكراسیە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەگشتی و لەكاتی خۆیدا لایەنێكی دیكەی باسەكان و جێگەی بایەخی هەمووان بوو. هاوكات رەوشی سووریا و دۆخی ئاوارەكانی ئەو وڵاتەو كاریگەریان لەسەر وڵاتانی دراوسێ، لایەنێكی گرینگی دیدارەكان بوو. هەروەها لەخۆ گرتنی رێژەیەكی زۆری ئەو ئاوارانە لەلایەن عێراق و هەرێمی كوردستانەوە مایەی دەستخۆشی و خۆشحاڵی هەمووان بوو.
جێگەی باسە لەمیانەی دیدارو كۆبوونەوەكان لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیرانی وڵاتانی بیانی، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە، هاوكات هاندانی وڵاتان بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیان لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەو دیدارو كۆبوونەوانە بوون.
شاندی باڵای عێراقی كە شاندی حكومەتی هەرێم تێیدا بەشداربوو، لەگەڵ خالید بن محەمەد ئەلعەتیە وەزیری دەرەوەی قەتەر دیداریان ئەنجام دا. لەو دیدارەدا جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات كرایەوە، هاوكات باس لە بارودۆخی عێراق بەگشتی كرا و جەختیش لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە كاتی خۆیدا كرایەوە كە بڕیار وایە لە نیسانی 2014 ئەنجام بدرێت.
لە درێژەی دیدارەكاندا شاندەكە لەگەڵ جانۆس مارتۆنی وەزیری دەرەوەی هەنگاریا كۆبووەوە، كە تیایدا پەرەپێدانی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوولا جەختی لێ كرایەوە، بەتایبەتی لەرووی هاوكاری لەبواری كشتوكاڵ و بەڕێوەبردنی سامانی ئاو، هەروەها پێشوازیكردن لە قوتابیانی هەرێمی كوردستان و عێراق تاوەكو لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە بخوێنن.
وەزیری دەرەوەی عیراق دووپاتیكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵن بەوەی نوێنەرایەتی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و ئامادەییان بۆ هەموو ئاسانكاریەك لەمبارەیەوە نیشاندا. جێگەی باسە لای خۆشیەوە وەزیری درەوەی هەنگاریا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی عێراق دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رێگرتن لە كردەوە تیرۆریستیەكان.
لە دیدارێكی دیكەدا شاندەكە لەگەڵ المار محمد یاروف وەزیری دەرەوەی ئازەربیجان كۆبوونەوە و جەختیان لە سەر پەیەرەپێدان و پتەوتركردتی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا كردەوە. هاوكات هەوڵدان بۆ ئاسانكاری هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەردوولا لە نێوان هەردوو وڵاتدا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
لە درێژەی كارو چالاكیەكاندا، فەلاح مستەفا لە چوارچێوەی شاندی عێراقدا بەشداربوو لە دیداری نێوان شاندەكە و یان هۆكۆت وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك. لەو دیدارەدا پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات جەختی لێ كرایەوە و لای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی چیك خواستی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە عێراقدا نیشاندا.
لەلایەكی دیكەوە و لە هەمان رۆژدا شاندی ناوبراو لەگەڵ خۆسێ گارسیا وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا دیداریان ئەنجام دا. لە دیدارەكەدا پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات تیشكی خرایە سەر. هاوكات رۆڵی ئیسپانیا لە پاراستنی ئاسایشی عیراق لە چوارچێوەی هێزی وڵاتانی فرە رەگەز لە دوای رووخانی رژێمی عیراق و رێكخستنی یەكەمین كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش بۆ عیراق بەرز نرخێندرا. هاوكات وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پاڵپشتی عێراق دەربڕی و هەروەها ئامادەیی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەشی بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە عیراقدا نیشاندا.
لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكاندا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە چوارچێوەی شاندی هەرێم و عێراقدا بەشداری كۆبوونەوەی ساڵانەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی كرد، كە تیایدا پرسی سوریا و فەلەستین بابەتی سەرەكی گفتوگۆ و باسەكان بوون.
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لە رێكەوتی 25/9/2013 بە نوێنەرایەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بەشداری دانیشتنێكی وەزاری لەبارەی بارودۆخی ئەمڕۆی سوریا كرد، كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی شانشینی ئەردەن و نێردەی یەكێتی ئەورووپاوە رێكخرابوو.
لەم دانیشتنەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وتارێكی پێشكەشكرد كە تیایدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان. هاوكات داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هاوكاری حكومەتی هەرێم بكەن بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە. بەڕێزیان ئەوەی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو كە حكومەت و هاووڵاتیانی هەرێم ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە كردویەتی، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەكانەوە كە پێویستیان بە هاوكاری و شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، داوای هاندانی رێكخراوە نێودەوڵەتی و خێرخوازیەكان كرد بۆ یارمەتیدانیان و هاوكات داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد كە بۆ ئەم پرسە هاوكاری حكومەتی عیراق و هەرێم بكەن.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا شاندی عێراق لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ جولی بیشۆپ وەزیری كاروباری دەرەوەی ئوسترالیا و ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی بەریتانیا كۆبوونەوە.
لە هەردوو دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە عێراق هەوڵی بەهێزكردنی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەدات و نیشانیدا عێراق دژی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقیە و هیواشی خواست رێگە چارەیەك بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە. هاوكات بارودۆخی هەرێم و عێراق و كاریگەری بارودۆخی سوریا بەسەریانەوە و هاوكات كاریەگەریەكانی بەسەر تێكڕای ناوچەكە خرایە ڕوو.
لە دیدارێكی دیكەشدا، شاندەكە لەگەڵ جیدۆ فیستەر فیلە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە. كە تیایدا جەخت لە پەرەپێدان و پتەوتركردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات كرایەوە. هاوكات بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و كاریگەری ئەو پەرەسەندنانەی كە لە هەرێمەكەدا هەن بەسەر ئەم وڵاتەوە باسیان لەبارەوە كرا.
جێگەی باسە كە شاندی هەرێم لە چوارچێوەی شاندە عێراقەیەكەدا و لە درێژەی كارو چالاكیە دیپلۆماسیەكانیاندا، بەشداری لە ئاهەنگێكی پێشوازی كرد كە شاژن ماكسیما، شاژنی هۆڵەندا، و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان تێیدا بەشداربوون. هەروەها بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە چوارچێوەی شاندەكەدا بەشداری بوو لە كۆڕبەندی سیاسی بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و هاوكات لە چوارچێوەی هەمان شاندا بەشداری ساڵیادی یەكەمی دەستپێشخەری پەروەردەیی جیهان بوو.
