پەرلەمانی داهاتوو “لەسفرەوە” باسی پێكهێنانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەكاتەوە
دەبوو 3 ساڵ لەمەوبەر پەرلەمانتاران پڕۆژە یاسایەكیان پەسەند بكردایە تاوەكو دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییەكانی هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێ و چیدی كورد بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردن و راپرسییەك، پەنا بۆ كۆمیسیۆنەكەی بەغدا نەبات.
كاردۆ محەممەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی ئەو كۆمسیۆنە كوردییەوە دەڵێت “زۆری نەمابوو بە تەواوی پێكبێین، بەڵام دواتر لەسەر شێوازی بڕیاردانی دەستەكە پێكنەهاتین”. پوختەی قسەكانی كاردۆ ئەوەیە كە سەرەتا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن كێشەیان لەسەر ژمارەی ئەندامانی دەستەی باڵا و چۆنێتی دابەشكردنی كورسییەكان هەبووە “دواتر ئەوە چارەسەركرا، بەڵام كێشەی ئەوە دروستبوو كە فراكسیۆنی كوردستانی دەیویست بڕیارەكان بە زۆرینەبێ نەك بە تەوافوق”.
پەرلەمانتارانی سەر بە دەسەڵات دەڵێن ئەگەر پرەنسیپ و یاسای زۆرینە و كەمینە بۆ بڕیارەكان لەبەرچاو نەگیرێ “ئیدی بردنەوەی هەڵبژاردن و ماندووكردنی خەڵك چ سوودی هەیە”. ئەوانەی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێن نابێ بابەتە چارەنووسسازەكان “ئەوانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بە دەنگی زۆرینە پەسەند بكرێن”.
عومەر عەبدولعەزیز، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، باسی وردەكاری ناكۆكییەكانی خۆیان و فراكسیۆنی كوردستانیی كرد و گوتی ئێمە داوامانكرد بڕیارەكانی دەستەی باڵا بەزۆرینەی دوو لەسەر سێ بدرێ “ئەوان رازی نەبوون و دەیانگوت دەبێ بەشێوەی زۆرینەی سادە بێ”.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) سەرەتا باسی ئەوە كراوە كە ژمارەی ئەندامانی دەستەكە حەوت كەس بێت و دواتر كراوەتە 9 كەس، بزووتنەوەی گۆڕان داوای دوو كورسی كرد، بەڵام هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن یەكی كورسییەكیان پێدراوە.
عومەر عەبدولعەزیز، رەتیكردەوە ئەوان وەك ئۆپۆزیسیۆن لەنێوخۆیاندا ناكۆكییان هەبووبێ لەسەر دابەشكردنی كورسییەكان و گوتی “ئێمە لەنێو خۆماندا نەگەیشتینە سەر ئەوەی چەندمان بەربكەوێ، لاریشمان نەبووە لەوەی نەتەوەكانی دیكە كورسییان بدرێتێ”.
دوای ئەوەی لایەنەكان نەیانتوانی لەسەر ئەندامانی دەستەی باڵا بگەنە رێككەوتن، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵیان كۆبووەوە و داوای لێكردن پێكبێن. وەك یەكێك لە پەرلەمانتاران باسیكرد بارزانی پێیگوتوون “ئێوە ناتوانن 9 كەس دیاری بكەن؟”. دواتر پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكان دەستیان بە گفتوگۆ كردووەتەوە.
ژیان عومەر شەریف، پەرلەمانتاری پارتی لە فراكسیۆنی كوردستانی دەڵێ دوای ئەوەی دەستیان بە گفتوگۆ كردەوە، رازی بوون بە تەوافوق 9 كەسەكە دیاری بكەن “ئۆپۆزیسیۆن، بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان كێشەیەكی دیكەیان دروستكرد و گوتیان دەبێ بڕیارەكانی دەستەكەش هەر بەتەوافوق بێ”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێ ئێمە ئۆباڵی دروستنەبوونی ئەو كۆمیسیۆنە دەخەینە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی گۆڕان “ئەگەر خاوەنی كۆمیسیۆن بووینایە، ئێستا خاوەنی دەستووریش دەبووین، چونكە ئەو كۆمیسیۆنەی ئێستا لە بەغدایە، لە 2005ەوە نایەوێ راپرسی بۆ دەستوور بكات”.
زۆر پرۆژە یاسا هێشتا لەبەردەستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا ماونەتەوە و ناكۆكییەكان دەرفەتی ئەوە نادەن چارەنووسیان دیاری بكرێ، دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو پرۆژانە كە لەساڵی 2010ەوە لەوێیە.
گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری یەكێتی لە فراكسیۆنی كوردستانی، پێیوایە دەكرا رێگای ناوەند بدۆزرێتەوە بۆ شێوازی بڕیاردانی دەستەكە “بە زۆرینەبێ، بەڵام لە بابەتە گرنگ و هەستیارەكاندا بەشێوەی تەوافوق بێ”.
پڕۆژە یاساكە لە 16 ماددە پێكدێت و تێیدا هاتووە كە كۆمیسیۆنەكە سەربەخۆ دەبێ و سەرپەرشتی هەموو هەڵبژاردن و راپرسییەكان دەكات لەگەڵ رێكخستنی تۆماری دەنگدەران و چاودێرانی هەڵبژاردن دەستنیشان دەكات و سكاڵاكان وەردەگرێ و زۆركاری دیكەی پەیوەست بەو بوارانە.
هەرچەندە گەیشتبوونە نیوەی رێگاكە، بەڵام بەهۆی بەرەو ئاوابوونی تەمەنی ئەو خولەی پەرلەمان، چارەنووسی ئەو پرۆژە یاسایەش وەك ئەوەی لێهات بە قەدەر بسپێردێت؟ ئایا ئەگەر لەو دوو مانگە نەتوانرا كۆمیسیۆنەكە پێكبێ، چی بەسەردێ، ئایا ریسەكە دەبێتەوە بە خوری؟ گۆران ئازاد دەڵێ “ئەگەر هەڵبژاردنی بەسەردا بێت، دەبێ پەرلەمانتارانی خولی داهاتوو لە سفرەوە دەستپێبكەنەوە”.
رووداو
