ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەھەواڵێکی رۆژنامەی ئاوێنە

ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەھەواڵێکی رۆژنامەی ئاوێنە
نووسینگەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکداسەبارەت بە بابەتێکی ڕۆژنامەی ئاوێنە رایدەگەینێت دابەشکردنی ئاوارەکان بەسەر شارەکانی کوردستاندا ئیش و کاری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و داواش لەھەموولایەک دەکات دڵسوزانە بچن بە پیر ئەم خوشک و برایانەمان و پاڵپشتی حکومەتی ھەرێم بن بۆ ھاوکاریکردنی ئەم خەڵکە.


ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەیە ‌

ئەمڕۆ (٢٠ی ئاب) لە ڕۆژنامەی ئاوێنە، و لە چەند میدیاێکی تر باسەکیان ورژاندووە بەو ناونیشانەی کە پارتی تۆڵەکردنەوە لە یەکێتی دەکات لەمەڕ ناردنی ئاوارە لێقەوماوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پارێزگای سلێمانی، بەداخەوە پەرلەمانتاری یەکێتی ( ئازاد گۆران) بەھەمان مەبەست و بەھەمان ووشە دەربڕینی لەم بابەتە کردووە، ئێمە بۆ ھەموو ڕای گشتی کوردستان و عێراق و جیھان رادەگەینین: کە دابەشکردنی ئاوارەکان بەسەر شارەکانی کوردستاندا ئیش و کاری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
لێرەدا بە پێی بەدواداچوونی ئێمە کە نزیکەی سی ھەزار ئاوارە لەم ڕۆژانەدا ھاتوونەتە کوردستان، چوار ھەزاریان بەر دھۆک کەوتوون و پێشتریش سەد و شەست و چوار ھەزاری تریان لەوێ نێشتەجێ بوونەتەوە تاکو ئێستا، نزیکەی بیست و دوو ھەزار بەر ھەولێر کەوتوون، تەنھا نزیکەی سێ ھەزار رەوانەی سلێمانی کراون بە پێی رێنەماییەکانی حکومەتی ھەرێم. پێمان باشترە لە جیاتی ئەم لێدوانانە ھەموو ھێزە سیاسیەکان بە جەماوەریانەوە و بە دڵسوزانە بچینە پیر ئەم خوشک و برایانمان و پاڵپشتی حکومەتی ھەرێم بین بۆ ھاوکاریکردنی ئەم خەڵکە لێقەوماوەی خۆمان.

نووسینگەی ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
Top