كه‌ركوكییه‌كان یاداشتێك ئاڕاسته‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق و هه‌رێم ده‌كه‌ن

كه‌ركوكییه‌كان یاداشتێك ئاڕاسته‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق و هه‌رێم ده‌كه‌ن
27ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- ئه‌مڕۆ له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ڵوێستێكی مه‌ده‌نییانه‌ دژی پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی دیجله‌ رێكخرا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لیژنه‌ی باڵای رێكخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ری و دیموكراتییه‌كانی شاری كه‌ركوك، كه‌ له‌ نوێنه‌رانی رێكخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ پێكهاتبوو، مه‌راسیمێكیان له‌ نزیك دیوانی پارێزگای كه‌ركوك رێكخست.
له‌و مه‌راسیمه‌دا یاداشتی لیژنه‌ی باڵای رێكخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ری و دیموكراتییه‌كانی شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن رزگار حاجی حه‌مه‌ لێپرسراوی ناوه‌ندی كه‌ركوكی مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خوێندرایه‌وه‌.
له‌ یاداشته‌كه‌دا رزگار حاجی حه‌مه‌ به‌ناوی سه‌رجه‌م رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتییه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی شاره‌كه‌وه‌ پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ربڕی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی دیجله‌.
وتیشی: ئه‌مه‌ دووه‌مین جاره‌ یاداشتی ناڕه‌زایی دانیشتووانی كه‌ركوك به‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانیه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كه‌ین، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی دیجله‌.
له‌ به‌شێكی یاداشته‌كه‌دا هاتووه‌: دروستكردنی ئه‌و هێزه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به‌ ئاشتی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك ناكات، له‌كاتێكدا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانبووین به‌ دروستبوونی حكومه‌تی عیراقی فیدڕاڵ گه‌شه‌ی زیاتر له‌بواری په‌روه‌رده‌ و خزمه‌تگوزاری و پێكه‌وه‌ژیان به‌ كه‌ركوك بدرێت و یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی بڕگه‌و مادده‌كانی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی جێبه‌جێ بكرێن كه‌ 80% ی دانیشتووانی عیراق ده‌نگیان پێداوه‌، به‌ڵام ئێستا به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور و ئازادی و دیموكراسی، حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
ئه‌م یاداشته‌ به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی له‌ڕێگه‌ی پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ده‌كرێت و وێنه‌یه‌كیش له‌ یاداشته‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ هه‌ریه‌ك له‌ (سه‌رۆك كۆماری عیراق، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پارێزگارو سه‌رۆكی دیوانی پارێزگای كه‌ركوك).
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك پشتیوانی و هاوكاری خۆی و ئیداره‌ی شاره‌كه‌ی بۆ گه‌یاندنی داواكه‌یان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ك داواشیكرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پابه‌ندی ناوه‌رۆكی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كه‌ركوك بێت و فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی دیجله‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.
Top