مەسەلەی (دیجلە) تەنیا بۆ ئەوەیە كە بەغدا كێشە سەرەكییەكانی دیكەمان لە بیر بباتەوە
(عوسمان) لە دیمانەیەكی تایبەت بە (هەولێر) پتر ئەوەی ڕاگەیاند كە پێكهێنانی هێزی (دیجلە) خۆی لە خۆیدا لادانە لە دەستوور و بووە بە مایەی درووستبوونی تەنگژەیەكی تازە، ئەمەیش مایەی نیگەرانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە كە بەشداربوون لە درووستبوونی عێڕاقی نوێ و قبووڵ ناكرێت كە بەهەر پاساوێك بێ، ئەزموونی حكومڕانی لە كوردستان بكەوێتە مەترسییەوە كە بەری ڕەنجی خەڵكی كوردستان و دەبێ كورد هاوبەش بێ لەو عێڕاقە تازەیەدا، هاوكات ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند كە هەموو ئەوانە لە پێناو لە بیر بردنەوەی كێشەی سەرەكی كوردە كە خۆی لە ماددەی 140 و كێشەی پێشمەرگە و بودجە و گرفتی ناوچە دابڕاوەكان دەبینێتەوە كە كورد هەرگیز سازشییان لەسەر ناكات.
تهنگژهیهکی نوێ
* ئەو تەنگژەیەی ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، بۆ چی دەگەڕێتەوە و كێ لێی بەرپرسە؟
- زیاتر لە جارێك ئەوەم گوتووە كە ئێمە ناكۆكیمان لەگەڵ بەغدا هەر ئەو قەیرانە نییە، بەڵكوو كێشەمان، كێشەیەكی دەستوورییە. ئێمە باس لە سستەمی فیدراڵی دەكەین و ئەوان باوەڕیان پێ نییە. دیارە بێجگە لە ئێمەی كورد، ئەوان تا ئێستایش باس لەو عێراقە فیدڕاڵە ناكەن كە لە دەستووردا هاتووە، بەڵكوو هەر كوردە خۆی بەمەوە سەرقاڵ كردووە و داخوازیی جیددیی ئەوەیە كە عێراق ببێتە وڵاتێكی فیدڕاڵ. كورد پێی وایە ئەم سیستەمە دەتوانێت چارەی گرفتەكان بكات و لە ڕەگەوە كێشەكان بە كۆتا بێنێت.
* كە وا بێت (مالیكی) كێشەی سەرەكیی لەگەڵ كورد، كێشەیەكی دەستوورییە و خەون بە لەباربردنی ئەزموونی كوردەوە دەبینێ؟
- بەڵێ، كێشەكە زۆر قووڵە. (مالیكی) كار بۆ ئەوە دەكات كە سیاسەتی تاكڕۆیی پیادە بكات و ئەمەیش لە ڕووی دەستوورییەوە بێبنەمایە و پێچەوانەی ئیرادەی خەڵكی عێراقە. خەڵكی كوردستان دەیەوێ لە عێراقدا هاوبەش بێت، چونكە مافی خۆیەتی و كورد ڕۆڵی زیندووی هەبووە لە دروستبوونی عێراقی تازەدا، ئەمەیش سەدەقەیەك نییە بۆ كورد، بەڵكوو ئەنجامی قوربانیدانی گەورەی كوردە كە ناكرێ لە ژێر هیچ پاساوێكدا ئەم شەراكەتە پێشێل بكرێت.
* پێت وایە ئەو خەونانەی (مالیكی) و هەندێ لە عەرەبە شۆڤێنییەكان بێنە دی؟
پێم سەیرە كە ئێستایشی لەگەڵدا بێت (مالیكی) و هەندێ لە یاوەرانی دەرس لە ڕابردوو وەرناگرن. ئەوانەی وا بیریان دەكردەوە كورد قڕ بكەن، بە چی گەییشتن؟ تازە بە تازە دێن هێزی (دیجلە) كۆ دەكەنەوە بۆ چاوترساندنی كورد كە لە ڕووی دەستوورییەوە گەورەترین خەرقی یاساییە.
پهیامی سهرۆک زۆ هێمنانهبوو
* لەو پێودانگەوە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، ئێوە وەك سیاسەتمەدارێك چۆن لە ناوەڕۆكی ئەو پەیامە دەڕوانن؟
- سەرۆكی هەرێم لەو پەیامەدا زۆر هێمنانه بوو كە داوای كردووە خەڵكی كوردستان یەكڕیز بن بۆ ڕووبەڕوونەوەی هەر ئەگەرێك. ئەمەیش لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی تەواودایە. لام وا بێت ئەمە كاردانەوەی چاكی بە دوای خۆیدا هێنا، چونكە یەكڕیزی بۆ كورد لەم كاتەدا لە هەموو كاتێك زیاتر گەرەنتییە بۆ سەركەوتنی كورد و ڕەوینەوەی هەر مەترسییەك كە ڕووبەڕووی ئەزموونی كوردستان ببێتەوە.
(سەرۆك بارزانی) بە شێوەیەكی هێمنانە مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەكاندا كردووە و شەڕی نەویستووە، بەڵام ئەگەر مەسەلەكە بگاتە ڕادەی هەوڵدان بۆ لەباربردنی ئەو تەجرووبەیەی كوردستان، ئەمەیان شتێكی دیكەیە و دەبێ هەموومان لە ئاستیدا بەرپرس بین.
پێشێلکاری دهستوور
* پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی وەك ئۆپەراسیۆنی دیجلە چەندە پەیوەستە بە دەستوور و مەبەستی سەرەكی لەم پڕۆسەیە چییە؟
- بە قەناعەتەوە دەڵێم، مەسەلەی (دیجلە) هەر تەنیا بۆ ئەوەیە كە كێشە سەرەكییەكانی دیكە لە بیر بەرنەوە كە خۆیان لە دەستووردا دەبیننەوە. ناكرێت كورد هاوبەش بێت لە عێراق و هێزی دژ بە كورد دابمەزرێ. ئەگەر مەبەستەكە یاساییە و بۆ ئەمنییەتی كەركووكە، بۆچی پرس بە كورد ناكرێ؟ خۆ ئەگەر مەسەلەكە پێوەستە بە ئاساییش، كوردیش بەشێكە لە هەموو بەرپرسیارێتییەكان و ناكرێ هەروا پەراوێز بخرێت.
* ئەمە بە چی دەگات و پڕۆسەی سەربازی، چی لێ دەكەوێتەوە؟
- عەقڵی عەسكەرتارییەت هیچ ئەنجامێكی نابێت، بێجگە لە نەهامەتی بۆ گەلانی عێراق. ئەم عەقڵییەتە لە فەرهەنگی نوێدا جێگەی نابێتەوە، بۆیە پێكهێنانی هێزی دیجلە ئاماژەیەكە بۆ دواكەوتوویی عەقڵییەتی سیاسی. كوردیش دەستەوەستان ناوەستێت بەرانبەر بە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر هێزی پێشمەرگە كە هەمیشە بە قەناعەتەوە لە سەنگەری بەرگرییدایە بۆ داكۆكیكردن لە دەستكەوتەكانی پەرلەمان و حكوومەتی كوردستان كە بەری ڕەنجی خوێنی خەڵكە و ناكرێ بكرێتە قوربانیی سیاسەتی تاكڕۆیانە.
گهڕانهوه بۆ دهستوور
* پێت وایە دەبێ چۆن چارەی ئەو تەنگژانە بكرێت؟
- دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و مەنتقی عەقڵ، كە گەڕاینەوە بۆ دەستوور هەموو مافە نەتەوەییەكان دەستەبەر دەكرێت و هاوكات ڕێ لە عەسكەرتارییەت و تاكڕۆیی دەگرێت كە لام وا بێت لەم سەردەمەدا باوی نەماوە، تەنیا لای كۆنە بەعسییەكان نەبێت كە بڕوایان بە شەراكەتی نیشتمانی و عێراقی فیدڕاڵ و هاوبەشبوونی كورد نییە. لە بڕیاری سیاسیدا هەوڵی پەراوێزخستنی نەتەوەیەك دەدەن كە ئەمڕۆ ژمارەیەكی بەرچاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی سیاسیی خۆی هەیە.
