هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كانی ئێران‌و توركیا ده‌كه‌ن

هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كانی ئێران‌و توركیا ده‌كه‌ن
18ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌چۆنیه‌تی سه‌رفكردنی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی كه‌له‌بودجه‌ی ساڵانی 2011‌و 2012 بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كانی ئێران‌و توركیا كه‌له‌دوای ساڵی 1991 گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراون، سه‌عات 10:30ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 18/11/2012 هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوخۆ‌و كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی ئیسماعیل مه‌حمود سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و قادر حه‌سه‌ن بڕیارده‌ر‌و ئاواز عه‌بدولواحد ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و شڤان ئه‌حمه‌د‌و په‌روین عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌، له‌ته‌لاری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ شوكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌به‌ئاماده‌بوونی به‌رپرسی به‌شی كۆچبه‌ران‌و به‌رپرسی به‌شی ئامار‌و پلاندانان‌و به‌رپرسی بانكی زانیاریی نوسینگه‌كه‌‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی شاره‌كانی هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و كه‌ركوك‌و دهۆك، به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كۆچ‌و كۆچبه‌ران كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌پێكهاته‌‌و شێوازی كاركردنی نوسینگه‌كه‌یان چۆنیه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كان‌و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌بوونه‌ته‌ هۆی سستیی به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ خسته‌ڕوو.

پاشان هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی شاره‌كانی هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و كه‌ركوك‌و دهۆك، باسیان له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌دێنه‌ به‌رده‌م راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان‌و هۆكاره‌كانی دواكه‌وتن‌و سستیی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ كرد.

له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ هه‌ردوو لیژنه‌ گله‌ییان له‌شێواز‌و سستیی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ هه‌بوو ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی په‌له‌كردن له‌پرۆسه‌كه‌ كرده‌وه‌‌و چه‌ندین سه‌رنج‌و تێبینی‌و پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی كاراتركردنی خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ك ئاماده‌یی خۆشیان بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكاری‌و پشتیوانییه‌ك‌و په‌یوه‌ندیكردن به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و رۆتینانه‌ی كه‌بوونه‌ته‌ هۆكاری دواكه‌تنی پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕی.
Top