شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لە چونیەتیی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەم وڵاتە دەكۆڵێتەوە

 شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لە چونیەتیی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەم وڵاتە دەكۆڵێتەوە
18ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی كشتوكاڵی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و بەریتانیا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە چاوی كەوت بە ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتانی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا.

شاندی باڵای هەرێمی كوردستان جگە لە فەلاح مستەفا پێكهاتووە لە پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و نەورۆز مەولوود بەرێوبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان و بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا.
لە دیدارێكدا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەو ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتانی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا باسیان لە چونیەتی پتەوەكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرد ولەم روویەوە وەزیری بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە سازكردنی كۆنگرەی كشتوكاڵی هاوبەش لە لەندەن و گوتی: بوونی كونسڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و بەرفراوانكردنی كارو ئەركەكانی لە ئەنجامی ئەو دیدگە ئەرێنیەی ئێمە بووە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و سەركەوتنەكانی، هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و سازكردنی ئەم كۆنگرەیەش نیشانەی بایەخ وگرنگیدانی بەریتانیایە بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
Top