ئەحمەد چەلەبی: مامەڵەی بەغدا لەگەڵ كورد ناحەكیمانەیە
چەلەبی كە هاوكات سەركردەیەكی دیاری هاوپەیمانیی نیشتمانییە، بە ڕۆژنامەی \""ئەلمەدا\""ـی ڕاگەیاندووە، \""نەماندەتوانیی بڕوا لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێك بهێنین بۆ رووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێن، ئەگەر پێشوازی كورد و ئامادەییەكەی نەبوایە؛ ئامادەیی هێزەكانمان لە هەولێر و سلێمانی بوو كە هێزە بیانییەكانمان گەیاندە ئەو بڕوایەی كە خاك و پشتیوانیمان هەیە\""، بە باوەڕی چەلەبی مامەڵەكردن لەگەڵ وەها هاوبەشێك(كورد) \""پێویستە بە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێككەوتنی بەرپرسانە و دوور لە بەكاربردنی هێز بێت.\""
چەلەبی زیاتر گوتی، \""هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی سەرەكییە لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و پرۆسەی سیاسیدا، پێیشم وایە ڕێكارەكانی چارەكردنی كێشەكان لەگەڵیدا و جووڵاندنی یەكە سەربازییەكان لە لایەن بەغداوە زۆر ترسناكە و هیچ پاساوێكی بۆ نیییە.\""
هاوكات لەسەر ئەو باوەڕەیە \""هەبوونی كورد لە بەغدا، ئاماژەیە بۆ فرەیی سیاسی و دەبێت بە پاڵنەری بنیاتنانی وڵاتێكی سەقامگیر\""، ئاماژەیبشی دا \""كۆی ڕژێمەكانی پێشوو ڕێككەوتنیان لەگەڵ كورد كردووە و هەوڵیان داوە كێشەكانی لەگەڵدا چارە بكەن، بەڵام ڕیككەوتنەكانیان لەگەڵ كورد پێشێل كردووە و جەنگیان بەرپا كردووەتەوە. جەنگیش قەیرانی مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت و گەلەكەمان باجەكەی دەدات. گرفتەكەیش لە نەبوونی دانوستان و وابەستەنەبوون بە پەیماننامەكانەوەیە.\""
ئەم لێدوانەی ئەحمەد چەلەبی دوای ئەو گرژییانە دێت كە بە هۆی پێكهێنانی ئۆپەرسیۆنی دیجلە و قەڵسكردنی كورد و هێزی پێشمەرگەوە سەرچاوەیان گرتووە، كە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی، وەك لایەنی كوردی و شارەزایان باسی لێوە دەكەن بێ گەڕانەوە بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێكی هێناوە و وەك مەترسییەك بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان وەسف دەكرێت. "
