له‌ گه‌رمیان ئه‌نجومه‌نێك بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى داده‌مه‌زرێندرێ

له‌ گه‌رمیان ئه‌نجومه‌نێك بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى داده‌مه‌زرێندرێ
7ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندندوتیژى خێزانى له‌ سنورى گه‌رمیان هاوشێوه‌ى پارێزگاكانى ترى هه‌رێم له‌ دیوانى ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌سه‌رپه‌رشتى سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان و ئاماده‌بوونى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌ك به‌رێوه‌چوو.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا چۆنیه‌تى دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و ئامانجه‌كانى و ئاماده‌كردنى كارنامه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ تاوتوێكران و چه‌ندین راسپارده‌ وپێشنیار خرانه‌رِوو، جه‌خت له‌وه‌شكرایه‌وه‌ بۆ ئاماده‌كردنى كارنامه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانى ئیداره‌ى گه‌رمیان و زانكۆى گه‌رمیان و نوێنه‌رى رێكخراوه‌كانى بوارى ژنان و سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان و پۆلیسى گه‌رمیان و ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى و په‌روه‌رده‌ و چه‌ندین لایه‌نى ترى په‌یوه‌ندیدرا پێكبهێنرێت.

لای خۆشیه‌وه‌ سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان راگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراندنى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان و ئافره‌تان و خێزانییه‌، هه‌نگاوێكى باشیش ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى توندوتیژى كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا به‌دیده‌كرێت، كه‌ دوا به‌دواى ئاماده‌كردنى په‌یرِه‌و و كارنامه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كاره‌كانى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌ستپێده‌كات و ئیداره‌ى گه‌رمیانیش هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌گه‌رِ بۆ سه‌ركه‌وتنى ئامانج و كاره‌كانى.
Top