بارزانی و سەرۆكوەزیرانی قەتەر برەودان بە پێوەندیی هەردوو لایان خستە بەر باس
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی قەتەری، سەرۆكی هەریبَمی كوردستان، دوێنێ دووشەممە گەیشتووەتە قەتەر و ئێوارەكەیشی لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حەمەد بن جاسم بن جەبر ئال سانی، هەروەها ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیر كۆ بووەتەوە، تێیدا پێوەندیی دووقۆڵی و گەشدان پێی كە خزمەتی بەرژوەندییەكانی هەردوو لا دەكات لێی كۆڵرایەوە. هاوکات پرسگەلێکی جێبایەخی هەردوو لا تاوتوو کراون.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی قەتەر هێوای خواست كە سەردانی بارزانی هۆكار و هاندەر بێت برەودان و پشتیوانیكردنی پێوەندییەكان و گەشەپێدانیان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە گەیشتە قەتەر و لە لایەن جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجوومەنی وەزیران ئەحمەد بن عەبدوڵـڵا ئال مەحموودەوە پێشوازی كرا.
