سه‌رۆك وه‌زيران پێشوازى له وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕۆمانيا كرد
له ديدارێكدا سه‌رۆك وه‌زيران ده‌ستخۆشى له كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى ڕۆمانيا له هه‌ولێر كرد كه ئه‌مڕۆ له لايه‌ن وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕۆمانياوه كرايه‌وه و كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى به هه‌نگاوێكى باش به‌ره‌و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆمانيا له قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها ڕايگه‌ياند كه هه‌رێمى كوردستان به گرنگييه‌وه ده‌ڕوانێته په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕۆمانيا و ئاماده‌يى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌موو پشتگيرييهك له پێناو بره‌ودان به په‌يوندييه‌كان به تايبه‌تيش له‌و بوارانه‌دا كه مايه‌ى بايه‌خى هه‌ردوولان، ده‌بڕى.
لاى خۆيه‌وه وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕۆمانيا خۆشحاڵيى خۆى به سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و ديدارى سه‌رۆك وه‌زيران نيشان دا و ڕايگه‌ياند كه په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ وڵاته‌كه‌ى گرنگه و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر، نيشانه‌ى بايه‌خدانى ڕۆمانيايه به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها ئاماده‌يى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه، به تايبه‌تيش له‌و بوارانه‌دا كه ڕۆمانيا شاره‌زاييه‌كى باشى تياياندا هه‌يه و ده‌كرێ سووديان بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت، وه‌ك بوارى وزه، دروستكردنى به‌نداو، كشتوكاڵ، گه‌شتيارى، پيشه‌سازى، ته‌ندروستى و فرياكه‌وتنى خێرا. خۆشحاڵيى خۆيشى به هه‌بوونى 30 كۆمپانياى ڕۆمانيا له هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕۆمانيا هه‌روه‌ها تيشكى خسته سه‌ر ده‌رفه‌تى خوێندن بۆ قوتابيانى هه‌رێمى كوردستان له وڵاته‌كه‌ى و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ڕۆمانيا خاوه‌نى يه‌كێك له كۆنترين زانكۆكانى جيهانه له خوێندنى بوارى نه‌وت و گازدا و ئاماده‌يى وڵاته‌كه‌ى ده‌ربڕى بۆ وه‌رگرتنى قوتابيانى هه‌رێمى كوردستان له زانكۆكانى ڕۆمانيا و له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى تواناسازيى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا.
له كۆتاييدا وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕۆمانيا داوه‌تێكى فهرميى سه‌رۆك وه‌زيرانى وڵاته‌كه‌ى گهيانده سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌ردانى ڕۆمانيا. شايانى باسه هه‌ر ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر شاندى ميوان پرۆتۆكۆلى دهستهخوشكيى نێوان شارى براشۆف – ى ڕۆمانيا و شارى هه‌ولێرى ئيمزا كرد.
