پاش گەرمیان سەرۆكی حكوومەت دەچێتە هەڵەبجە

 پاش گەرمیان سەرۆكی حكوومەت دەچێتە هەڵەبجە
23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- چەند مانگێك لەمەوپێش، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەكی دا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یەكە ئیدارییەكانی سنووری ناوچەی گەرمیان.

مەبەست لەو لیژنەیە ئاگاداربوون بوو لە سەرجەم پڕۆژەكانی ناوچەكە. لەو ڕێگەیەشەوە ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر پێداویستییەكانی ناوچەكە درایە سەرۆكی حكوومەت.

ڕۆژی 21ـی ئەم مانگە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی كارەكانی حكوومەت لە ناوچەكە، سەردانی دەڤەری گەرمیانی كرد و لە نزیكەوە چاوی بە چینە جیاوازەكانی ئەو ناوچەیە كەوت.

(نێچیرڤان بارزانی) لەو سەردانە سێ ڕۆژەییەیدا بۆ ناوچەی گەرمیان، بڕی 250 ملیۆن دۆلاری بۆ ناوچەكە ته‌رخان كرد و یەكێك لە پڕۆژەكانیشی كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی بوو لە قەزای كەلار و چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاریشی لە بورارەكانی پەرەوەردە، تەندروستی و ڕێگاوبان و سەنتەری وەرزشی و 1500 خانووی بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كردەوە. سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی بە خەڵكی ناوچەكەدا كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پڕۆژانە دەكەونە واری جێبەجێكردنەوە.

دروستكردنی دووسایدی كەلار ـ دەربەندیخان
یەكێك لە پڕۆژەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ناوچەی گەرمیان، دروستكردنی ڕێگەی دووسایدی نێوان كەلار ـ دەربەندیخان بوو. ئەو ڕێگەیە بەردەوام جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتیانی ناوچەكەیە و ساڵانەیش بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بە دەیان كەس لەو ڕێگەیەدا گیان لە دەست دەدەن. (نێچیرڤان بارزانی)، بەڵێنی دا كە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە بكرێت.

دوێنی، ئەمرۆ و سبەی
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە گوتەیەكیدا ڕایگەیاند: \"دوێنێ لێرە بووین و ئەمڕۆ لێرەین و ئەگەر ژیان دەرفەت بدات هەر لێرە دەبین و بە كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكەیشەوە دەگەڕێینەوە گەرمیان.\""

پێشتر، لە ڕۆژی 22ـی تەمووزی ساڵی 2009ی زایینیدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی دەڤەری گەرمیانی كرد. لەو سەردانەدا، سەرۆكی حكوومەت نزیكەی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ بووژاندنەوەی ناوچەكە تەرخان كرد و چەندین پڕۆژەی نوێشی لە ناوچەكە كردەوە.

لە كۆی ئەو بڕە پارەیە كە بۆ ناوچەكە تەرخان كرابوو، 51 ملیار دیناری بۆ بواری پەرەوەردە و 59 ملیار دیناری بۆ ڕێگەوبان و 38 ملیار دیناری بۆ ئاو و ئاوەرۆ و 65 ملیار دیناریشی بۆ نیشتەجێبوون تەرخان كرابوو.
بەرپرسی ئێدار گەرمیان (سەلاح كوێخا)ـیش بە ڕۆژنامەی (هەولێر)ی گوت كە لە كۆی ئەو 200 ملیۆن دۆلارە، بڕی 15 ملیار دیناری بۆ خانەقین تەرخان كرابوو.

قەرەبووكردنەوەی مادیی و مەعنەوی
لە بەشێكی قسەكانیدا، سەرۆكی حكوومەت ئەوەی خستەڕوو كە ئەركی حكوومەتی عێراقییە قەرەبووی خەڵكی گەرمیان بكاتەوە، چونكە لە ڕابردوودا بە دەستی حكومەتی عێراق ئەم ناوچەیە وێران و ئەنفال كراوە.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی یەكگرتوو (بەكر حەمە سدیق) بە ڕۆژنامەی (هەولێر) دەڵێ: \""من پشگیری قسەكانی كاك نیچیرڤان دەكەم و ئەركی حكوومەتی ناوەندییە كە قەرەبووی ئەو زیانلێكەوتوانە بكاتەوە، بەڵام دەوڵەتی یاسا ڕێگرە لە بەردەم ئەو قەرەبووە و بەرپرسیشم لەسەر ئەو قسەیەی كە دەیكەم.\""

ئێستاكە ئەو پەرلەمانتارە پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و ئەوانەی بەدەست ڕژێمی بەعسەوە زەرەرمەند بوون.

بە بڕوای ئەندامی لێژنەی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجیبوون لە پەرلەمانی كوردستان (فازڵ بەشارەتی)، ئامانج لە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت بەسەركردنەوەی پڕۆژەكانی كابینەی حەوتەمە كە لە كاتی خۆی بەڵێنییان بە خەڵكی دەڤەرەكە درابوو.

ئەو دەڵێ: \""دوای سەردانی گەرمیان، سەرۆكی حكوومەت سەردانی هەڵەبجەی شەهید دەكات و كۆمەڵێك پڕۆژەی گەورەی ستراتیجی ڕادەگەینێت، لەوانە ڕاكێشانی ئاوی سیروان بۆ هەڵەبجە كە بە گوژمەی 220 ملیۆن دۆلارە.\""

پرۆفایلسنوری ئیدارەی ناوچەی گەرمیان لە 4 قەزا و 19 ناحیە پێك هاتووە. قەزاكانی بریتین لە: كەلار، چەمچەمال، خانەقین و كفری.
قەزای كەلار لە 4 ناحیە پێك هاتووە كە بریتین لە: ناوەندی قەزا، پێباز، ڕزگاری و شێخ تەویل.

قەزای (چەمچەماڵ)ـیش لە 7 ناحیە پێك هاتووە كە بریتین لە: ناوەندی قەزا و ئاغجەلەر، تەكیە، تەكیەی جەباری، سەنگاو، شۆڕش و قادركەرەم.

قەزای (خانەقین)ـیش 3 ناحیە لە خۆی دەگرێت كە بریتین لە: قۆرەتوو، مەیدان و بەمۆ.

قەزای (كفری)ـیش لە 5 ناحیە پێك دێت كە بریتین لە: ناوەندی قەزا، ئاوەسپی، سەرقەڵا، كۆكس و نەوجول."
Top