ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ دیجله‌ لە كەركوك نمایشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجامده‌دات

ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ دیجله‌ لە كەركوك نمایشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجامده‌دات
21ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- به‌پێی‌ هه‌واڵێكی‌ سۆمه‌رییه‌ نیوز، نمایشه‌‌ سه‌ربازییه‌كه‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ دیجله‌، فه‌ریق روكن، عه‌بدول ئه‌میر زه‌یدی‌‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌فسه‌رو فه‌رمانده‌ی‌ باڵای‌ سوپای‌ عێراق ئه‌نجامده‌درێت له‌باره‌گای‌ فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ له‌باكوری‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ كه‌ركوك.

به‌نوسراوێکی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق که‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵدا ده‌رچووه‌، نوری‌ مالکی‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ عێراق بڕیاریداوه‌ به‌دروستکردنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ دیجله‌ بۆ گرێدانی‌ هه‌ردوو فیرقه‌ی‌ سه‌ربازی‌ (12ی‌ که‌رکوک‌و 5 دیاله‌)ی‌ سوپای‌ عێراق‌و ره‌وانه‌كردنیان بۆ ناوچه‌کانی‌ نێوان ئه‌و دوو پارێزگایه‌ که‌ زیاتر ناوچه‌کانی‌ حه‌مرین‌و سنووری‌ ناوچه‌ جێناکۆکانه‌ی‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگاو هه‌رێمی‌ کوردستان ده‌گرێته‌وه‌ به‌پاساوی‌ پڕکردنه‌وه‌ی‌ بۆشایی‌ ئه‌منی‌ نێوان که‌رکوک‌و دیاله‌، ئه‌وه‌ش ناره‌زایی‌ لایه‌نی‌ كوردی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ لێكه‌وته‌وه‌و به‌هه‌ره‌شه‌یه‌ك له‌قه‌ڵه‌مدرا بۆ سه‌ر كورد له‌و ناوچانه‌.

بەپێی فەرمانه‌كه‌ی‌ نوری‌ مالكی‌ هەموو دەستگاكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆو بەرگری لەكەركوك (ئاساییش، پۆلیس، هەواڵگری) دەخرێنە ژێر ڕكێفی ئەم فەرماندەییەوە.
Top