سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی رووناكبیران و شیكه‌ره‌ سیاسی و ئه‌كادیمیانی عیراق كۆده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی رووناكبیران و شیكه‌ره‌ سیاسی و ئه‌كادیمیانی عیراق كۆده‌بێته‌وه‌
20ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ شاندێكی رووناكبیران و شیكه‌ره‌ سیاسی و ئه‌كادیمیانی عیراق كۆبووه‌وه‌ .

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، كه‌ د.رۆژ نوری شاوه‌یس جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدراڵ و د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماده‌ی بوون دۆخی سیاسیی عیراق و ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كه‌ی و رووداو و گۆڕانكارییه‌كان و ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و ره‌وشی ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌ سه‌ر كرا .

شاندی رووناكبیران و شیكه‌ره‌ سیاسی و ئه‌كادیمیانی عیراق ستایشی رۆڵی سه‌رۆك بارزانی_ یان كرد له‌ بونیادنانی عیراقی نوێدا و هه‌روا له‌ هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تی ئێستای عیراق و رایانگه‌یاند كه‌ عیراق هه‌ست به‌ خه‌مێكی گه‌وره‌ ده‌كات به‌ بوونی ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ و مه‌به‌ستیشیان له‌و سه‌ردانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یامێكی ئیجابیانه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌نه‌ به‌غدا بۆ كۆتایی هێنان به‌و ته‌نگژه‌یه‌ ، عیراق ئه‌مرۆ پێویستی به‌ گوتارێكی خاوكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یه‌تی . ئێمه‌ دژی هه‌ر لێداوانێكین كه‌ له‌م دواییه‌دا له‌ لایه‌ن هه‌ندێ‌ كه‌سایه‌تیه‌وه‌ دراون . سه‌رۆك بارزانی نه‌ك هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی كورده‌ به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌ره‌ دیاری عیراقیشه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ش ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عیراق دامه‌زراوه‌ ، بۆیه‌ كه‌س ناتوانێ رۆڵی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكی سیاسی له‌كه‌دار بكات . ئه‌و خه‌باتكارێكه‌ و دژی دیكتاتۆریه‌ت شه‌ڕی كردووه‌ و وه‌كو هه‌ندێ‌ سیاسه‌تكار نییه‌ كه‌ زروف دروستی كردبن ، مه‌ترسییه‌كانیشی ره‌وان ، كێشه‌كه‌ له‌ ئیداره‌كردنی وڵاته‌ كه‌ به‌ به‌رگێكی سیاسی پۆشراوه‌ ، بۆیه‌ ئه‌مرۆ عیراق پێویستی به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی به‌ توانای وه‌كو ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نێته‌ كه‌ناری ئه‌مان.

سه‌رۆك بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا ، وێرای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به‌ سه‌ردانی شانده‌كه‌ ، تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆڵی كورد له‌ بونیادنانی عیراقی نوێدا و هه‌روا په‌یوه‌ندی برایانه‌ی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و گشت پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عیراق .

ده‌رباره‌ی ئه‌م ته‌نگژه‌ سیاسیه‌ی ئێستاش سه‌رۆك بارزانی داوای له‌ ئاماده‌بوان كرد كه‌ داكۆكیكارێكی به‌هێز بن له‌ دیموكراتیه‌ت و رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێ‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق به‌رگری له‌و دیموكراتیه‌ بكه‌ن كه‌ قوربانیه‌كی زۆری له‌ پێناویدا دراوه‌ و له‌سه‌ر چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌كه‌ش رایگه‌یاند كه‌ ده‌كرێ‌ چاره‌سه‌رێكی عیراقیانه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و رێككه‌وتنه‌كانی پێشوو و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر شێوازێكی تاكڕه‌وانه‌ و خۆ پڕچه‌ككردن ، عیراق پێویستی به‌ خزمه‌تكردنێكی زیاتره‌ ، هاوڵاتی چاوه‌ڕوانی خزمه‌تكردنه‌ ، نه‌ك چه‌ك كه‌ هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی كوشتن و روودانی كاره‌سات بووه‌ و ئه‌زموونێكی تاڵیشمان له‌ به‌رده‌مه‌ . ترسی ئێمه‌ له‌ خۆ پڕ چه‌ك كردن نییه‌ ، به‌ڵكو له‌ عه‌قڵیه‌تی عه‌سكه‌رتاریه‌ته‌ كه‌ ده‌یه‌وێ‌ كێشه‌كان به‌ به‌كارهێنانی چه‌ك چاره‌سه‌ر بكات .

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ لایه‌ن كوردیشه‌وه‌ ، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ مافێكی سروشتی هه‌ر گه‌لێكه‌ . پاش هه‌ره‌سهێنانی رژێمی دیكتاتۆری ، كه‌ فیدراڵیه‌تمان هه‌ڵبژارد له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ بوو كه‌ ده‌توانین به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و ئه‌و مافانه‌ی له‌ ده‌ستووردا هاتوون له‌گه‌ڵ برایانی ترماندا بژین ، به‌ واتایه‌كی دیكه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عیراق مادامه‌كی پابه‌ندی ئه‌و ده‌ستووره‌ بێت كه‌ به‌رهه‌می هاوبه‌شی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراقه‌ ، ئێمه‌ داوای زیاترمان نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ و به‌ كه‌متریش رازی نابین. ئه‌گه‌ر به‌غدا كراوه‌ بێت ئێمه‌ ده‌ جار كراوه‌تر ده‌بین ، به‌ڵام هه‌موو رۆژێك نه‌یه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم بكات و ته‌گه‌ره‌ بخاته‌ به‌رده‌م یاسای نه‌وت و غاز و مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ و مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و هه‌موو رۆژێكیش بۆ دروستكردنی كێشه‌ جوله‌ به‌ هێزه‌ عه‌سكه‌رییه‌كان نه‌كات ، وه‌ك ئه‌وه‌ی خانه‌قین و زومار و له‌م دواییه‌ دامه‌زراندنی عه‌مه‌لیاتی دیجله‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ .

ئێمه‌ په‌رۆشی عیراقێكی فیدراڵ و دیموكراتین كه‌ پابه‌ند بێت به‌ ده‌ستوور و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ین بۆ هه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆیه‌كی بونیادنه‌ر.
Top