مەسرور بارزانی پێشوازی لە بالیوزی بەرازیل لە عیراق دەکات
لە دیدارێکدا سەرەتا مەسرور بارزانی بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانەکەی کرد و وێرای پشتیوانیکردنی بەرێزیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەکارەکانیدا.
ئەمەو لە میانەی ئەم دیدارەدا دوا رەوشی عیراق و دەڤەرەکە و پەرەسەندنەکانی خرانە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوولا هاوبیربوون لە سەر پاڵپشتیی داوا ڕەواکانی گەلانی ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پروسەی دیموکراسی و پەیڕەوکردنی لەم ناوچەیەدا وەک تاکە رێگاچارەی ئاشتی و سەردەمیانە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
هەر لەلایەکی تری ئەم دیدارەدا بالیوزی بەرازیل خۆشحالیی خۆی بەرامبەر رەوشی ئارام و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەربری و بەگرنگ و بناغەی پێناسە کرد بۆ تەواوی پێشکەوتنەکانی تری ئەم هەرێمە. وێڕای ئەوەی کە گەرانتیە بۆ داهاتویەکی گەش و پێشکەوتوو بۆ خەلکی کوردستان و جەختیشی لەوەکرد کە ولاتی بەرازیل لە رێگای کوردستانەوە سەنگێکی زیاتر بەهاتنە ناوەوەی بازاری عێراق دەدەن و ئەوان وێنەی ئەم رەوشە تەنا و ئارامەی کوردستان بۆ حکومەت و وەبەرهێنەرانی بەرازیل دەگوازنەوە لەپێناو بەشداریکردنی کاراتریان لە دەرفەتەکانی کار و وەبەرهێنان لە کوردستاندا.
هەروەها سەفیری بەرازیلی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان وەک هەنگاوی یەکەم سەرقالی دیراسەی دانانی کۆنسولگەریی فەخری لە هەرێمن.
لەکۆتایی ئەم دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆلیەکان لە گشت بوارەکاندا کردەوە.
