بزوتنەوە لەلایەن ئیسلامیەكان فەرامۆش كراوە

بزوتنەوە لەلایەن ئیسلامیەكان فەرامۆش كراوە
14ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ئێستادا كار بۆ لیستێكی هاوبەش دەكەن. كۆبوونەوەكان بۆ ئەو لیستە هەر دووقۆڵییە و بزووتنەوەی ئیسلامی لە دەرەوەی كۆبوونەوەی دوو حزبە ئیسلامییەكەی دیكەدایە.

كۆبوونەوەكانی نێوان یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی بەردەوامە. ئەو دوو حزبە كارنامەیەكیان بۆ كاری هاوبەش داناوە و یەك لە خاڵەكانیشی، دروستكردنی لیستێكی هاوبەشە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

لە دوایین كۆبوونەوەیاندا، لیژنەكەیان پیك هێناوە كە ئەركەكەی دیاریكردنی میكانیزمێكە بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی كارنامەكە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی (عەبدولستار مەجید) دەڵێ: \"مەبەست لە كۆبوونەوەكان، پتەوكردنی پێوەندی و یەكگرتنی هەڵوێستەكانمانە لە هەمبەر پێشهاتەكان.\""

یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی، سێ حزبی دیاری سەر بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسین لە هەرێمی كوردستاندا. ئێستاكە دوو حزبی یەكەم لە دەرەوەی حكوومەت وەكوو ئۆپۆزسیۆن كار دەكەن و حزبی سێیەمیش (بزووتنەوە) لەناو حكوومەتدایە.

بزووتنەوە لە پەراوێزدایە
(عەبدولستار مەجید) لە لێدوانەكەیدا بۆ \""هەولێر\""، بە هیچ شێوەیەك باسی لە بەشداریی (بزووتنەوەی ئیسلامی) لە كۆبوونەوەكانی نێوان كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەش نەكرد.

بزووتنەوە، لیستی هاوبەش لە نێو ئیسلامییەكاندا بە كارێكی \""گرنگ\"" و \""هەستیار\"" دەزانێت و ئامادەیی خۆیشیان بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی نێوان كۆمەڵ و یەكگرتوو، نیشان دەدەن.

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (شوان قەڵادزەیی) دەڵێ: \""نەگەییشتووینەتە قۆناغی دانیشتنی 3 لایەنە، بەڵام ڕۆحییەتی هەماهەنگی بۆ كاری هاوبەش هەیە.\""
تا ئێستا، هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی لە نێوان حزبە ئیسلامییەكانی هەرێمدا نەكراوە.

دەرەنجامی یەكلیستیی ئیسلامییەكان
پێشتر لای بەشێك لە پێهكاتە سیاسییەكانی كوردستان، نیگەرانییەك لە دەرەنجامی كاری ئیسلامیی سیاسی لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی كورد هەبوو، بەڵام پەسندكردنی داوای مافی چارەی خۆنووسین لە دوایین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیدا، ئەم نیگەرانییەی تا ڕادەیەك ڕەواندەوە.

بەرپرسی سەنتەری (هودا) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی (د. محەممەد بازیانی) پێی وایە لیستی هاوبەشی ئیسلامی زیان بە دۆزە نەتەوەییەكان ناگەیەنێت. هۆیەكەیش بۆ ئەمە دەگەڕێنێتەوە كە \""پڕۆژەی حزبە ئیسلامییەكانی هەرێم، پڕۆژەیەكی خۆجێییە و لە دەرەوە نەهاتووە.\""

ئەو دەڵێ: \""پێویستە ئیسلامییەكان گوتاریان یەك بخەن بە جۆرێك كە لە خزمەتی گەل و وڵاتدا بێت و ڕەهەندە نیشتیمانییەكەیان تۆخ بكەنەوە.\""

شارەزای بواری ئیسلامی سیاسی (هاوژین مەلا ئەمین) بۆچوونێكی پێچەوانەی (محەممەد بازیانی)ـی هەیە. ئەو پێی وایە یەكلیستیی ئیسلامییەكان كاریگەری لەسەر ڕەوتی عەلمانییەت و بەرتەسككردنەوەی ئازادی و لاوازبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.

ئەو دەڵێ: \""یەكلیستیی ئیسلامییەكان نابێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرەكانیان، بۆیە لەو حاڵەتەدا زیانیان پێ دەگات، چونكە دەنگدەرەكانی ئەوان نەمەتی و نەگۆڕن.

پـــــاشـــخــــان
ـــ (بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان) لە ساڵی 1987ـدا دامەزراوە و لە سەرەتادا بەشێك بووە لە ئیخوان، دواتر لە ئیخوان جیا بووەتەوە و ڕووبەڕووی چەند ئینشیقاقێك بووەتەوە. ئێستا دوو كورسییان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و لە حكوومەتیشدا وەزارەتێكیان بە دەستەوەیە.

ــ (یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان) بە لقی كوردیی (كۆمەڵەی ئیخوانولموسلیمین) دادەنرێت كە لە دوای ساڵی 1994ـەوە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە. ئەوان لە چەند كابینەیەكی حكوومەتی هەرێمدا بەشدار بوون، بەڵام ئێستا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندان و خاوەنی 6 كورسی لە پەرلەمانی كوردستانن.

- (كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان) لە ساڵی 1999ـدا لە دوای جیابوونەوەی لە بزووتنەوەی ئیسلامی دامەزراوە و لە لایەن (م. عەلی باپیر)ـەوە ئەمیرایەتیی دەكرێت. كۆمەڵ، 4 پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی كوردستان هەیە.



-هەولێر"
Top