دهقی وتارهكهی (سەرۆك بارزانی) لە دووەمین كۆنگرەی زانستیی جیهانیی كورددا
خوشك و برایانی بەڕێز
میوانە بەڕێزەكان. خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە بەشداری لە دووەمین كۆنگرەی جیهانیی زانستیی كوردیدا دەكەم. هەنگاوێكی گرنگ و پیرۆز و ئومێدبەخشە، داوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەكەم. هیوادارم كاتێكی خۆش لە ماڵی خۆتان و وڵاتی خۆتان لە شاری مێژوو، هەولێری پایتەخت بەسەر بەرن.
جێگەی ئومێدە كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆڵەی كوردستان و دۆستانی گەلەكەمان لەو هۆڵەدا ئامادەن، بۆ ئەوەی زانستی خۆیان بخەنە خزمەت پێشكەوتنی ئەزموونی كوردستان. سوپاستان دەكەین، سوپاسی ئەو خوشك و برایانە دەكەم كە هەوڵیان بۆ پێكهێنانی ئەو كۆنفڕانسە زانستییە داوە.
بێگومان ئێوە ڕەنجتان بینیوە و شەونخونیتان چەشتووە، كە خۆتان پێگەیاندووە و شانازییتان پێوە دەكەین. شۆڕش تەنیا پێشمەرگایەتی نییە، ئەگەرچی ئێوەیش پێشمەرگە بوون، ئێوە خزمەتی گەورەتان كردووە، كوردستان ئەمانەتێكە لەسەر شانی هەموومانە. كوردستان پێویستی بە شارەزایی و توانای زانستی لە قۆناغی ئێستادا هەیە و پێویستمان بەوە هەیە كە ژێرخانی قایم لە كوردستان دروست بكەین، بۆ ئەوەی متمانە بە خۆمان بكەین، نەك بچووكترین خواردەمەنی لە دەرەوە بهێنین.
خۆتان دەزانن كوردستان دەرفەتی بیناكردنی نەبووە، هەمیشە چەوسێندراوەتەوە، سەردەمێك بوو كەخەڵك بۆ نانی ڕۆژیان دەستەوەستان بوون، چونكە لە ئۆردووگای زۆرەملێدا بوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا و دۆستەكانی گەلەكەمان و گەلی كوردستان ئەمڕۆ دەستكەوتێكی گەورە بەدی هاتووە، ئەمڕۆ كوردستان خاوەنی پەرلەمان و دامودەستگەی فەرمیی خۆیەتی، بەڵام بێ كەموكورتی نییە، بەڵام هیوادارین ئێوە بە ئەزموونی خۆتان هەموو هەوڵتان بخەنە گەڕ كوموكورتییەكان نەهێڵین.
ئێمە پێویستمان بە زانستی ئێوەیە و ئامادەین ئامۆژگاریی ئێوە وەربگرین و كاری پێ بكەین. خوشك و برایان، كاتێك ئێمە دەتوانین بڵێین كە شانازی بە هەرێمی خۆمانەوە دەكەین، كە پێویستمان بە دەرەوە نەبێت، بۆ ئەوەی ژێرخانی خۆمان بنیات بنێین، پێویستمان بە ئێوەیە، ئەوەیش بەو مانایە نییە كە پێویستمان بە دەرەوە نییە، چونكە هەموو دەوڵەتە گەورەكانیش پێویستییان بە یەكتر دەبێت.
بەڵام ئێمە بچووكترین پێویستیی خۆمان لە دەرەوە دەهێنین، وڵاتێكی دەوڵەمەندمان هەیە و پێویستە ڕێكی بخەین. ئێمە نەتەوەیەكین، بە درێژایی مێژوو غەدرمان لێ كراوە، كاتێك پێویست بوو قوربانی بدەین و شەڕ بكەین، درێخیمان نەكرد.
ئەو قۆناغەیشمان بڕی كە پێویست بوو خەڵك بمانناسێنن، جاران ئەگەر كارمەندێكی بچووكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان ئامادە دەبوو گوێ لە چیرۆكی ئێمە و نەهامەتییەكانمان بگرێ، خۆشحاڵ دەبووین، بەڵام ئێستا زیاتر لە (20) كۆنسووڵگەری لە هەرێمی كوردستاندا هەن و (4) وڵات كە ئەندامی هەمیشەیی ئاساییشی نێودەوڵەتین،
كۆنسووڵگەرییان لە هەولێر هەیە. ئەوە پێشكەوتنی گەورەیە، بۆیە ئێمە دەبێ زۆر واقیعبینانە بیر لە ئاییندەی خۆمان بكەینەوە. ئێمە مافی بڕیاردان لە چارەی خۆنووسینمان هەیە، بەڵام كاتی ئەوە نەماوە خەباتی چەكداری بكەین بۆ گەییشتن بە ئامانجەكان، دەبێ پەنا بۆ دیالۆگی ئاشتیانە و بۆ دەنگی پەرلەمان ببەین. ئێمە لەگەڵ مافی گەلی خۆمانین، لە هەموو شوێنێكدا، دەبێ واز لەشەڕ بۆ گەییشتن بەو مافانە بهێنن، چونكە لەو ڕێگەیەوە دۆستانیش پشتگیریمان ناكەن.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، ئەو دۆخە بە ئاسانی نەهاتووەتە دەست، دوای قوربانییەكی یەكجار زۆر ئێستا زیاتر لە (180) هەزار ڕۆڵەی ئەو نەتەوەیە بێسەروشوێنن و ئێستایش بەدوای جەنازەكانی خۆمان لە خوارووی عێراقدا دەگەڕێین، بەم شێوەیە لە پێنج خولەكدا شارێكی وەكوو هەڵەبجە خاپوور كرا و ژن و منداڵەكانی شەهید كران و دواتر سەرتاسەری كوردستان ئەنفال و جینۆساید كرا، ئینجا ئەو دەستكەوتانە بە دی هاتوون، هەر بۆیەیش ئەوە هیی هەمووتانە و دەبێ ئەو ئەزموونە ببێتە چرایەك بۆ هەموو كوردستان. داوایش دەكەم هەموو ئەزموونی خۆتان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بخەنە گەڕ، ئەوە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.
جارێكی دیكە بەخێرهاتنتان دەكەم و داوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
كۆنگرەی زانستیی جیهانیی كورد
یەكەم كۆنگرەی زانستیی جیهانیی كورد لە شاری \"رۆتێردام\"" لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە چوو و ئامادەبووی كۆنگرەكە و خوێندكاری دكتۆرا لە وڵاتی نیوزلەندا (ژیار ئاقاپووری) بە \""هەولێر\""ـی ڕاگەیاند كە ئامانجی كۆنگرەی زانستیی جیهانی كوردی، كۆ كردنەوە و وەگەڕخستنی توانا زانستییەكانی كەسە ئاكادیمییەكانی كوردە، بۆ ئەوەی خزمەت بە حكوومەت بگەیەنن و هەروەها دروستكردنی پێوەندییە لە نێوان زانستی خۆماڵی و ئەزموونی هەرێمی كوردستاندا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) بە \""هەولێر\""ـی گوت كە لە قۆناغی شاخدا پێویستمان بە پشتگیریی هەموو لایەنێك هەبوو، لە ئێستایشدا پێویستمان بە كۆكردنەوەی توانای زانستیی هەموو لایەكە. ئەو گوتیشی كە نوخبەی كوردی پێویستە لە خۆی بپرسێت كە چی دەتوانێت بۆ كوردستان بكات و لەو پێناوەیشدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە و باوەڕیشی بەوە هەبووە، كە كەڵك لە هەموو تواناكانی كوردستانییەكان لە هەموو بوارەكاندا وەربگیرێت.
پاشخان
- كۆنگرەی زانستیی جیهانیی كوردی، لەسەر دەستی كۆمەڵێك كەسی ئاكادیمیی وەكوو (دكتور ئالان دیلانی، دكتۆر ئەڵماس هیشمەتی، دكتۆر سیروان بابان، خالید خەیاتی، ئەدیبا ئیسا و كوێستان گادانی و...هتد) دامەزرا.
- یەكەم كۆنگرەی (ڤی كەی سی) لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە چوو.
- ئەنجامەكانی یەكەم كۆنگرەكە لە پەرتووكێكدا بڵاو كراوەتەوە.
- دووەم كۆبوونەوەی ئەو كۆنگرەیەیش، بە پشتگیری ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) لە هەولێر دەستی پێ كردووە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت."
