سه‌رۆكی هه‌رێم پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی كۆمار ده‌ربڕی
هه‌ردوو سه‌رۆك تاڵه‌بانی و بارزانی بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێستا‌و لێكنزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ی كه پرۆسه‌ی سیاسی پێیدا تێده‌په‌ڕێت.
له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌نێویشیاندا هه‌رێمی كوردستان كرد، له‌وباره‌یه‌وه ته‌ئكیدكرایه‌وه له‌سه‌ر گرنگیی یه‌كڕیزیی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌عیراق و پێویستی قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی كاری هاوبه‌ش و پاراستنی هاوپه‌یمانی ستراتیجیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێم ستایشی هه‌وڵه نیشتمانییه‌كانی سه‌رۆكی كۆماری كرد له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رخستنی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ربڕی.
هه‌ردوولا هاوڕابوون و بۆچوونه‌كانیان وه‌كیه‌ك بوو سه‌باره‌ت به‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه له دیداره‌كه‌دا خرانه‌ڕوو.
