سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان کۆ ده‌بنه‌وه‌

سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان کۆ ده‌بنه‌وه‌
9 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، سەرۆككۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی) و سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) کۆ ده‌بنه‌وه‌. كۆبوونەوەكە لە درێژەی هەوڵەكانی (سه‌رۆک تاڵەبانی)ـدایە بۆ لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە عێراقییەكان و بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی. ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (فریاد ڕواندزی) لەم دیمانەیەی ڕۆژنامەی \"هەولێر\""ـدا بەو شێوەیە لە لایەنە عێراقییەكان تێ دەگات: \""تا ئێستا زەوینەیەكی هاوبەش و تێگەییشتنێكی دیاریكراو بۆ چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكان نییە.\""

* هەوڵەكانی سەرۆككۆمار بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی، بە كوێ گەییشتوون؟

_ تا ئێستا (سه‌رۆک مام جەلال) چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ (نووری مالیكی)، (ئوسامە نوجێفی)، (ئەیاد عەللاوی)، (عەممار حەكیم) و تەیاری سەدریدا كردووە. بە گشتی لەگەڵ ئەوەدان كە كێشەكان چارە بكرێن، بەڵام بیروڕاكان جیاوازن.

تا ئێستا زەوینەیەكی هاوبەش و تێگەییشتنێكی دیاریكراو بۆ چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكان نییە. هەندێك پێیان وایە دەبێ بۆ ڕێككەوتننامەی هەولێر و دەستوور بگەڕێنەوە. هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان لەگەڵ ئەوەدان كێشەكان لێك جیا بكرێنەوە و یەكسەر چارەیەكیان بۆ بدۆزرێتەوە و بڕیاریان لەسەر بدرێت.

هەندێكیش پێیان وایە یەك پاكێج بن و لە كۆبوونەوەیەكی گشتیی هەمەلایەنەدا بڕیاری لێ بدرێت و سەرۆكوەزیران ناچار بكرێت بە جێبەجێكردنی لە ماوەیەكی دیاریكراودا.

* ئه‌ی (سه‌رۆک مام جەلال) و (سه‌رۆک بارزانی) كەی كۆ دەبنه‌وه؟

_ ڕەنگە چەند ڕۆژێكی دیكە (مام جەلال) بچێتە هەولێر و لەگەڵ (كاك مەسعوود)ـدا كۆ ببێتەوە. بە تایبەتی بۆ یەكخستنی بیری لایەنەكان و هەڵوێستیان. یەكخستنی ئەو پرەنسیپانەی كە پێویستە كاریان لەسەر بكرێت.

* (مام جەلال) هیچ دەستپێشخەرییەكی كردووە؟

_ تا ئێستا (مام جەلال) هیچ دەستپێشخەرییەكی نییە و تەنیا ئەوەی كردوویەتی كۆبوونەوەی پێشوەختە بووە. ئەگەر هەبێت، ئەوا دەیەوێت بە جۆرێك بێت سەر بكەوێت. بڕیارە لە هەولێر لەگەڵ پارتی وەك هاوپەیمان و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەیشدا گفتوگۆ بكات تا دۆخی بەغدا و كۆبوونەوەكان بگوازرێنەوە بۆ لایەنی كورد و مەسەلەكان ڕوونتر ببنەوە. ڕەنگە ئەو كاتە بڕیارێك بدرێت، چونكە تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە.

* كورد و سوننە لەگەڵ ڕێككەوتننامەی هەولێردان؟

_ هەندێك لایەنی شیعەیشی لەگەڵدایە. سوننەكانیش جیاوازن و بە یەك بیروڕا نەهاتوونەتە كۆبوونەوەكان و بۆچوونیان یەكگرتوو نییە. هەندێك لە سوننەكان بە تەواوی جیا بوونەتەوە و پشتگیری لە (مالیكی) دەكەن.

* كۆبوونەوەی (تاڵەبانی) و (بارزانی) بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانە، یان دیاریكردنی وادەیەكە بۆ كۆبوونەوەی (بارزانی _ مالیكی)؟

_ لە كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیدا دوای گەڕانەوەی (مام جەلال) لە دەرەوە؛ كە شاندێكی باڵای پارتی چووبوونە لای، بڕیار درابوو لەسەر چەند پرەنسیپێك ڕێك بكەون تا لە بەغدا لەسەر ئەو بنەمایە كار بكرێت. بڕیار بوو پێشتر كۆبوونەوەكان بكرێن، بەڵام لەبەر سەرقاڵیی سەرۆكی هەرێم و بوونی لە دەرەوە، ئەو مەسەلەیە دوا كەوت. لە هەرێم كۆبوونەوە دەست پێدەكات و سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ چارەكردنی گرفتەكاندایە بە دیالۆگ و چەند جارێكیش ڕایگەیاندووە كە كێشەی شەخسیی لەگەڵ (مالیكی)ـدا نییە.



-هەولێر"
Top