مه‌سرور بارزانى ژبال میر و جێنشینێ میرێ كوێتێ ڤه‌ هاته‌ پێشوازیكرن

مه‌سرور بارزانى ژبال میر و جێنشینێ میرێ كوێتێ ڤه‌ هاته‌ پێشوازیكرن
1 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)– سەر لە بەیانی ئەمرۆ رێکەوتی 1/10/2012 بەرێز (شێخ صەباح ئەحمەد جابر ئەلصەباح) میری دەولەتی کوێت، پێشوازیی لە بەرێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا بەرێز مەسرور بارزانی وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی سەرۆکی هەرێم، پەیامی بەرێزیانی ئاراستەی ئەمیری دەولەتی کوێت کرد، کە برێتی بوو لە دووپاتکردنەوەی ویستی فراوانکردنی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە گشت ئەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی هەردوو لایە.

هەر لەم دانیشتنەدا وێڕای تاوتوێکردنی باری عێراق و ناوچەکە، جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە گشت کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە بە گرتنەبەری رێگە چارەی ئاشتیانەی و دیالۆگ و یەکتر قبولکردن چارەسەر بکرێن و هەردوو لا کۆک بوون لە سەر ئەوەی کە دەبێت ڕێز لە ویستی گەلانی ناوچەکە بگیرێت و کۆتایی بە بەکارهێنانی هێز دژ بە خواستی گەلان بهێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاستی پەیوەندییەکان و هاوکاریی هەرێمی کوردستان و دەولەتی کوێت خرایە بەر باس و ئاماژە بە گرتنەبەری رێکاری کردەیی درا بۆ ئەوەی هەرچیی زووتر ئاستە جیاجیاکانی پەیوەندیی هەردوو لا گەشەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینێت.

هەر ئەمرۆ و لە دیدارێکی جیادا بەرێز ( شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلصەباح) ولی عەهدی دەولەتی کوێت پیشوازیی لە بەرێز مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری کرد و لە دیدارێکدا زۆر بابەتی جێگەی بایەخی هاوبەشێ هەردوولا، لەوانەش دوا پێشهاتەکانی ناو عێڕاق و ناوچەکە خرانە بەر باس. هەر لە میانەی ئەم دیدارەدا بەرێز وەلی عەهدی کوێت پشتگیریی خۆی بۆ داوا ڕەواکانی کورد لە ناوچەکە و عێراق دووبارە کردەوە و ئومێدی خواست کە گشت پێکهاتەکانی عێراق بتوانن بە ئاشتی ودوور لە دەستێوەردانی دەرەکی پێکەوە ئاشتیانە بژین.هەر لەم دیدارەدا جەخت لە سەر پەرەسەندنی پەیوەندییە دووقۆلیەکان، لە ئاستە جیاجیاکاندا کرایەوە.
Top